رێواس فایه‌ق په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان: وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی خۆمان به شه‌ریكی ستراتیژی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم ده‌زانین و پشتگیری لێده‌كه‌ین
ستراتیژیه‌تی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ، بنه‌مای ئابوری كوردستانه و هه‌نگاو هه‌ڵگرتنه بۆ بونیادی ئابورییه‌كی سه‌ربۆخۆ، سه‌باره‌ت به‌گرنگی ئه‌م ستراتیژیه‌و پشتگیری لیكردنه، خاتوو ریواس فایه‌ق په‌رله‌مانتاری یه‌كیتی به‌مجۆره بۆچوونی خۆی و حزبه‌كه‌ی بۆ گوڵان خسته‌روو:
((من وه‌كو په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی قسه ده‌كه‌م، یه‌كێتی خۆی به شه‌ریكی ستراتیژی سیاسه‌تی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێت و پێمانوایه سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تی نه‌وتی و ئابووری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه به هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانیشه‌وه، سه‌باره‌ت به پشتیوانی كردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێم بێگومان و پێموایه ئه‌مه دیدو بۆچوونی هه‌موو په‌رله‌مانتارانی كوردستان بێت به‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن سیاسه‌تی خۆی بێت و له‌ژێر ره‌حمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕێنی بودجه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بێته ده‌ره‌وه، هه‌ر تێبینی و ره‌خنه و پێشنیارێكیشمان هه‌بێت سه‌باره‌ت به پرۆسه‌كه و سیاسه‌تی نه‌وت و گومان و پرسیارمان له‌سه‌ر داهاته‌كه‌ی هه‌بێت، ئه‌وا له په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی خۆمان باسی ده‌كه‌ین، به‌ڵام بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ئێمه پشتیوانی له حكومه‌تی خۆمان ده‌كه‌ین.. سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، من له‌و په‌رله‌مانتارانه بووم كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بووم له ئێستادا به‌ڕێزیان میوانداری بكرێن له په‌رله‌مانی كوردستان ، چونكه حكومه‌ته‌كه حكومه‌تی كار به ڕێكه‌ره و به گوێره‌ی مادده‌ی 63 له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان كوردستان، حكومه‌تی ده‌ست له كاركێشاوه به هیچ جۆرێك پرسیاری ئاراسته ناكرێت، ئه‌و روونكردنه‌وه‌ی به‌ڕێزیان پێشكه‌شی ده‌كرا له دوای سوێند خواردنی كابینه‌ی نوێ به‌ڕێزیان بهاتبایه و ئێمه‌ش پرسیارمان ئاراسته‌ی بكردایه كه پرسیاری خه‌ڵكی كوردستانه و ده‌یانه‌وێ وه‌ڵامه‌كه‌ی بزانن له هه‌مان كاتدا پرسیاری په‌رله‌مانتاران بوو. به‌ڵام وێرای ئه‌مانه‌ش بێگومان كۆده‌نگی و یه‌كریزی یه‌كێكه له‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه ده‌بێ هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان هه‌موو نیگه‌رانی و ناره‌زاییه‌تییه‌كی خۆیان بخه‌نه ئه‌و لاوه سه‌باره‌ت به كۆده‌نگییان به‌رامبه‌ر به ناوه‌ند و پشتیوانی كردنی سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕووی سیاسی و ئابووریشه‌وه، خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان دووپات كرده‌وه و وتی به بێ پشتیوانی هه‌مووتان و تاك به تاكی خه‌ڵكی كوردستان نه ده‌توانین پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌به‌رین و نه سیاسه‌تی نه‌وتی خۆمان له هه‌رێمی كوردستان په‌ره پێبده‌ین)).
