یەکێتی ئەوروپا ئۆفیسێک بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکان لە هەولێر دەکاتەوە

یەکێتی ئەوروپا ئۆفیسێک بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکان لە هەولێر دەکاتەوە
پاش سەردانەکەی (کریستالینا جۆرجێڤا) کۆمسیاری ئەوروپی بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی قەیران بۆ هەولێری پایتەخت و کۆبوونەوەی ناوبراو و شاندی یاوەری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێیدا چەند پرسێکی تایبەت بە ئاوارەکانی سووریا و شێوازی هاریکاریکردنیان لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە تاوتوێکران، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا ئۆفیسێکی تایبەت بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
ئەم بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممە 26/3/2014 لە میانەی سەردانێکی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمسیۆنی ئەوروپا دووپاتکرایەوە. لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری لەگەڵ 'هەرڤە دیلفین' (Herve Delphin) بەرپرسی یەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و بەڕێز (Eduardo Fernandez) شاندی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاریکاری نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی قەیران لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کە بە (DG ECHO) ناسراوە، مانگی ئایندە ئۆفیسێکی جێگییری هاریکاری لە هەولێر پایتەخت دەکاتەوە.
لە لێدوانێکدا دلاوەر ئاژگەیی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ئەو بڕیارەگرنگەی یەکێتی ئەوروپا، ڕایگەیاندکە کردنەوەی ئۆفیسێکی جێگییری یەکێتی ئەوروپا بۆ بەدەنگەهاتنی ئاوەرکانی سووریا هێمایە بۆ درککردن و پێزانینی یەکێتی ئەوروپا بەو ڕۆڵە گرنگ و بنیادنەرانەی کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی سووریا هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا گێڕاویەتی . ئاژگەیی هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم ئۆفیسە جێگییرە هاوشێوەی ئەوانەیە کە لە ووڵاتانی تورکیا و ئەردەن دامەزراون و گەشبینی خۆی دەربڕی بەوەی کە ببێێتە هەنگاوی یەکەم بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی سیاسی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان.
Top