بایدن نەورۆز لە بارزانی و گەلی كورد پیرۆز دەكات

 بایدن نەورۆز لە بارزانی و گەلی كورد پیرۆز دەكات
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەخت لەوەدەكەنەوە كە پێویستە كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەڕێی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەربكرێن.

بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی 3ـی 2014، جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد كردووە و هیوای بەختەوەری و سەركەوتنی بۆ خەڵكی كوردستان خواستووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا وێڕای باسكردنی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا تاوتوێ كراون و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەڕێی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەربكرێن.







رووداو
Top