سەرۆک بارزانی : پێشێلکردنی دەستوور سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکانی عێراقە

سەرۆک بارزانی : پێشێلکردنی دەستوور سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکانی عێراقە
ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئێدوارد ئۆکدێن بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە ھەولێر پێکھاتبوو.



لە سەرەتای دیدارەکدا بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارە و لەسەرەتای قسەکانیدا سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان دەربڕی.

ھەروەھا ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ئەمنی و سیاسیی عێراق کرد و ڕایگەیاند کە بریتانیا بە پێویستی دەزانێت سەرجەم لایەنە عێراقییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشداربن و نابێ ھیچ لایەنێک پشتگوێ بخرێت، ئەوەیشی بە فاکتەری سەرەکیی سەقامگیریی عێراق لەقەڵەم دا.

ھەروەھا نیگەرانیی خۆیشی لە زیادبوونی ھەڕەشەی تیرۆریستان لە عێراق و ناوچەکە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پێویستە ھەموو لایەک ھاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆر و ئەو تەحەدییانەی بەرەوڕووی ناوچەکە دێن.


بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی ھەرێمی کوردستان کرد لە حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و ستایش و سوپاسگوزاریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی.



لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و قەیرانی سیاسیی عێراق و ھەروەھا کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پێشێلکردنی دەستوور سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکانی عێراقە، ئەنجامەکەشی ئەوە بووە کە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون دوور بکەوێتەوە و خزمەتگوزاری و ئاساییش و ژیانی دامەزراوەیی بۆ وڵات دابین نەکرێت. ھەروەھا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند عێراقی نوێ لەسەر بنەمای شەراکەت دامەزراوە کەچی بەغدا دەستوور پشتگوێ دەخات و وەک شەریک سەیری ھەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵام گەلی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو ئازادیدا بەخشیوە و ڕێگە نادات جارێکی تر وەک پاشکۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دوایین پێشھاتەکانی سووریا تەوەرێکی دیکەی ئەم دانیشتنە بوو.
Top