پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە
ئەمڕۆ بەبۆنەی ئیمزاکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی شەھیدەوە، لە پەیامێکدا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، گەرمترین پێرۆزبایی لە جەماوەری شەھیدپەروەری ھەڵەبجە و خەڵکی سنووری پارێزگاکە و لقی ١٢ی پارتیمان و، تەواوی گەلی کوردستان دەکەین.



لەبەشێکی دیکەی پەیامەکە ھاتووە, سوپاسی بێپایانمان بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە خۆی خاوەن پێشنیارەکە و، راسپاردەی ئەمڕۆیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بوو لەم ھەلومەرجەدا. ھەروا سوپاس و دەستخۆشی لە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە ئیزاکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی شارەکە، کە لەتەک تاجەگولێنەی سەر گڵکۆی شەھیدانی کیمیابارانەکە، ھات.

ئەوەش خراوەتەروو: ئومێدەوارین ھەنگاوەکانی دوای ئەم بڕیارە، کە ھەڵەبجە وەک پارێزگا دەکەوێتە نێو بەرنامەی کابینەی نوێی حکوومەت و دەبێتە مایەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی شارەکە و سنوورەکەی لە ھەموو روێکەوە، وەک قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتیانی پارێزگاکە بێت بەرامبەر بەشێک لە مەینەتیی و، ئەو قوربانییانەی کە بەدرێژایی مێژوو، بەتایبەتی مێژووی ھاوچەرخ و شۆڕشەکانی رزگاریخوازی گەلەکەماندا بەخشیوە و بوو بە سومبولی مەینەتیەکانی گەلەکەمان.

لە کۆتاییدا دەڵێت, پیرۆز بێ لە ھەموومان و گیانی شەھیدانی بزاڤی رزگاری خوازی گەلەکەمان، تایبەت شەھیدانی شاری ھەڵەبجەی خۆشەویست شادبێت.
Top