رێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تاوتوێدەكرێت
شاندەكە لە هەریەك لە گۆران ئەدهەم، قایمقامی هەڵەبجە، خدر كەریم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و مامۆستایانی ئایینی پێكهاتووە و بڕیارە كاژێر 12:00ی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی ئەنجوومەنی وەزیران بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندی هەڵەبجە لەگەڵ بەرپرسانی حكومی رێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تاوتوێدەكەن.
پێشتر، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی فەرمیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد چاوەڕێی بەغدا نەكات و رێكارە كارگێڕییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستپێبكات.
لە نووسراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتبوو، "لەبەر ئەوەی بە رای کۆمەڵێك یاساناس، بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید دەكەوێتە بازنەی سەڵاحیاتی ئیداریی هەرێمی كوردستان و هەروەها نەبوونی ئیستیجابەی پێویست لە لایەن بەغدا بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، بڕیارمان دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات دەست بە رێوشوێنە ئیدارییەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید بكات بۆ ئەوەی داواكاریی خەڵكی قارەمانی ئەم دەڤەرە جێبەجێ بكرێت".
رۆژی 31.12.2013، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەندكرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان، پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاساكەی نەخستووەتە دەنگدانەوە.
رووداو
