دوایین زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
ئیحسان یاسری، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی بانكی ناوەندی عێراق تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"بەهۆی ئەوەی دوێنێ چوارشەممە پشوو بوو لە عێراق و سبەی هەینیش پشووە، ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە مایەوە بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو".
یاسری هەروەها رایگەیاند، "ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ كوردستان لەسەر دابینكردنی فڕۆكە دەوەستێ".
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی بانكی ناوەندی عێراق پێشتر ئاشكرای كرد، كە "نووسراوی خەرجكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە گەیشتووەتە بانكی ناوەندی و پارێزگاری بانكەكە پەیوەندی بە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقەوە كردووە، بۆ دابینكردنی فڕۆكەیەك بۆ ناردنی پارەكە".
بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هات، كە ئاماژە بەوە دەكات، تەنها مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی كوردستان دەنێرێ و مووچەی مانگەكانی دواتر لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ.
بەهۆی ناكۆكییەكانی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014، ماوەی چەند مانگێكە پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان چەقی بەستووە و پەسەندنەكراوە.
رووداو
