ژنە عومرەكارێکی هەرێمی كوردستان كۆچی دواییكرد
بەگوێرەی راگەیەنراوێک، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە تۆڕی میدیایی رووداو، مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە عومرەكارێكی دیکەی هەرێمی كوردستان، لە شاری مەککە کۆچی دواییکرد".
ئەو عومرەکارە ژنە و ناوی "هەوری عەبدوڵڵا رەشیدە و تەمەنی 65ساڵە، خەڵکی شارۆچکەی هەریرە" لە پارێزگای هەولێر و دوای وەرگرتنی رەزامەندی کەسوکارەکەی، "لەشاری مەككە ئەمرۆ بەخاك دەسپێردرێت".
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەمە "چوارەم عومرەکاری هەرێمی کوردستانە"، کە ئەمساڵ لە کاتی بەجێهێنانی مەراسیمی عومرە گیان یان لەدەستداوە.
راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەشی بۆ ئەوەشكردووە، لەسەرەتای وەرزی عومرەی ئەمساڵەوه تاوەکو ئێستا، "زیاتر لە 18هەزار كەس لەهەرێمی كوردستانەوە و لەهەردو فرۆكەخانەی هەولێر و سلێمانیەوە گەشتی عومرەیان كردووە و ئەم پرۆسەیەش هەتا كۆتایی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت".
رووداو
