سێ كەسی دیكە بە تۆمەتی كوشتنی كاوە گەرمیانی بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچوو
كاوە لەتیف، پارێزەری دۆسیەی كاوە گەرمیانی، رایگەیاند كە دەستگیركردنەوەی ئەو سێ كەسە بەهۆی سكاڵای بنەماڵەی كاوە گەرمیانی بووە.
پارێزەرەكەی كاوە روونیكردەوە "پێشتر ئەو سێ كەسە بەهۆی ئەوەی ئەو شەوەی كاوە گەرمیانی كوژراوە لەناو شاری كەلار بوون و چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفیان پێبووەو بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ئاسایش ئەو شەوە تەقەی پێكراوە، دەستگیركرابوون، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا، ئاسایش ئازادی كربوون".
كاوە لەتیف گوتیشی "ئەمڕۆ بنەماڵەی كاوە گەرمیانی سكاڵایان لەسەر ئەو سێ كەسە تۆماركردووەتەوەو دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی كەلاریش بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركردوون".
بەم سێ كەسەوە، 5 كەس بڕیاری دەستگیركردنیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە كەیسی كوشتنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی بۆ دەرچووە، كە یەكێكیان مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەو ئەوی دیكەش زاخۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری راكێشانی هێڵەكانی كارەبای گەرمیانە، بەڵام ناوی ئەم سێ كەسەی دیكە تاوەكو ئێستا ئاشكرا نەكراوە.
كاوە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ بوو شەوی 5/6-12-2013 لە بەردەم ماڵی دایكی لە شاری كەلار كوژرا.
رووداو
