هێڵی شەمەندەفەر لە نێوان ئامەد و هەولێر دروست دەكرێت

 هێڵی شەمەندەفەر لە نێوان ئامەد و هەولێر دروست دەكرێت
كاندیدێكی كورد لە حیزبی دادوگەشەپێدانی توركیا AKP بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئاشكرای كرد كە پلانی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەری نێوان ئامەد – هەولێر لە ئارادایە و ئەو داوایەش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە. پرۆژەكەش 7 ملیار دۆلاری ئەمریكی تێدەچێ.

غالیب ئەنساری ئۆغڵو، كاندیدی AKP بۆ سەرۆكی شارەوانی ئامەد بە (رووداو)ی گوت "ئێستا خەریكی دانانی پلانی راكێشانی هێڵێكی ئاسنینی نێودەوڵەتین كە ئامەد و هەولێر بەیەكەوە دەبەستێتەوە".

ئاشكراشی كرد كە "داوا لە هەرێمی كوردستان كراوە رەزامەندی بدەن لەسەر ئەو پڕۆژەیە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی هەرێمی كوردستانین".

سەبارەت بە تێچووی پڕۆژەكە، ئەنساری ئۆغڵو گوتی "حەوت ملیار دۆلاری ئەمریكی بۆ تەواوبوونی پڕۆژەكە پێویستە و دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە نە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نە حكومەتی توركیا یەك دۆلار لەو پڕۆژەیە خەرج ناكەن بەڵكو لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دروست دەكرێ".

ناوبراو باسی گرنگی ئەو پڕۆژەیەی كرد كە دەبێتە هۆی پێشخستنی بواری بازرگانی و كۆمەڵایەتی نێوان هەولێر و ئامەد و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە "سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تەنیا لەسەر كاغەز دەمێنێ". بەڵام وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ ئاگایی خۆیان لەو پرۆژەی ئەو هێڵە نیشاندا.

سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە (رووداو)ی گوت "ئاگادار نین كە پڕۆژەیەكی بەوشێوەیە هەبێ". بەڵام "پڕۆژەیەكی دیكە هەیە كە حكومەتی عێراق بە ئاگاداری هەرێمی كوردستان دروستی دەكات، ئەویش زاخۆ بە بەسراوە دەبەستێتەوە و تێچووی پڕۆژەكە هەمووی لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە".

سەڵاح جەوهەر ئەوەشیگوت كە "جگە لە پڕۆژەكەی حكومەتی عێراق پلان و دیزاینی پڕۆژەیەكی دیكە بۆ نێوخۆی هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە، ئەو پرۆژەیە زاخۆ بە باشماخەوە لە سنووری پێنجوێن دەبەستێتەوە".

سەبارەت بە تێچووی ئەو پڕۆژەیەش گوتی "پلان و دیزاینەكە تەواو بووە، بەڵام رەنگە ئەمساڵیش نەكرێ لەبەر نەبوونی پارە بۆ دروستكردنی پڕۆژەكە، چونكە بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە تێچووی هەر كیلۆمەترێك 20 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، كە پڕۆژە نێوخۆییەكەی هەرێمی كوردستان 650 كێلومەتر دەبێت".

غالیب ئەنساری ئۆغلۆ باسی هێڵی گواستنەوەی زیاتر دەكات لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەتایبەت لەنێوان هەولێر و ئامەد و دەڵێ "كۆتایی ئەمساڵ 2014 پڕۆژەی دروستكردنی فڕۆكەخانەی گەورەی ئامەد كە 100 ملیۆن دۆلاری تێدەچێ تەواو دەبێ". گوتیشی "لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە رۆژانە گەشتی ئاسمانی لەنێوان ئامەد – هەولێر دەبێت".








رووداو
Top