نێچیرڤان بارزانی: كێشەی گەورەی عێراق سیستمی تەندروستییە

 نێچیرڤان بارزانی: كێشەی گەورەی عێراق سیستمی تەندروستییە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە خراپیی سیستمی تەندروستی بەگشتی و كەرتی دەرمان بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دەڵێ "ئەوە كێشە گەورەكەیە".

نێچیرڤان بارزانی لەمیانی مەراسیمی واژۆكردنی گرێبەستی فرۆشتنی دەرمان لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانی ئاوامێدیكاوە بە كۆمپانیای سانۆفێرای فەرەنسی، وتارێكی پێشكەشكردو باسی لە سیستمی تەندروستی ‌و هەوڵەكانی كابینەكەی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو سیستمە لە هەرێمی كوردستان كرد.

نێچیرڤان بارزانی لە وتارەكەیدا رەخنەی گرت لە كەرتی دەرمان و گوتی "بەداخەوە چیرۆكی خراپیی دەرمان لەم وڵاتەی ئێمە مێژوویەكی هەیەو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە".

راشیگەیاند، كە ئەو كێشەیە واقیعەو دەبێ دانی پێدا بنرێ. گوتیشی "هۆكاری ئەو كێشە گەورەیە دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی سیستمی تەندروستی عێراق و لەوێوە دەستپێدەكات، چونكە هەموو شتێكیان لەو بوارە كۆنترۆڵكردووە‌و سیستمی تەندروستی نەك لە هەرێم، بەڵكو لە عێراق فاشلە".

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا هەوڵەكانی وزەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستانی لە گەشەسەندنی بواری تەندروستی بەرز نرخاند‌و داوایكرد لە كارەكانیان بەو ئاراستەیە بەردەوام بن. گوتیشی "پێویستە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بەغدا بەردەوام تەنسیق هەبێ".

نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بە كردنەوەی كارگەیەكی لەو شێوەی بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان و گوتی "هیوادارم ئەمە دەستپێك بێ و دواجار بگەینە ئاستێك چیدیكە پێویستمان بە وڵاتانی دەوروبەر نەبێ بۆ هاوردەكردنی دەرمان".

بارزانی گوتیشی "دڵنیاشم لەوەی دەتوانین وابین، چونكە كەسی شارەزا‌و لێهاتوومان هەن لە ناوخۆو دەرەوە دەتوانن لەو بوارە خزمەت بكەن".

سەبارەت بە هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو تەندروستی بۆ دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی دەرمانی خراپ، داوای هەماهەنگی زیاتری نێوانیانی كردو گوتی "هیوادارم وەزارەتی ناوخۆ جدیتر بن لە پێناوەدا، چونكە میللەتی ئێمە شایستەی خزمەتی زیاترە".

كۆمپانیای ئاوامێدیكا بۆ وەبەرهێنانی دەرمان ساڵی 2006 لە شاری هەولێر دامەزراوەو وەك بەرپرسانی كۆمپانیاكە ئاماژەی بۆ دەكەن 140 جۆر دەرمان بەرهەم دەهێنێت.













رووداو
Top