دەڤەری پشدەر دوای 23 ساڵ لە راپەڕین

 دەڤەری پشدەر دوای 23 ساڵ لە راپەڕین
دەڤەری پشدەر دوای 23ساڵ لە راپەڕین، پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە، بەو پێیەی ناوچەیەكی سنوورییە و جموجۆڵی بازرگانی لەسەرە، هاونیشتمانییان داوا دەكەن حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ بكات، تاوەکو گەشەی زیاتر و بووژانەوەی ئابووری، ناوچەكە بگرێتەوە.

كە گوێبیستی ناوی پشدەر دەبیت، بۆردوومان، راگواستن و خاپووركردنی ناوچەیەك دێتە نێو هزرت، قەزای قەڵادزێ، وەكو نموونە، لە 24ی نیسانی 1974، لەلایەن حكومەتی بەعس بۆردوومانكرا، دواتر لە ساڵی 1977 یەكەمین شاڵاوی راگواستن دەستیپێكرد، ساڵی 1978 دووەمین قۆناغ و ساڵی 1988-1989 دوا پرۆسەی راگواستن، كە تاوەکو راپەڕین، بەیەكجاری ژیانی لێوەستێنرا.

پشدەر بە لانەی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی گەلی كورد دادەنرێت، هەر لەبەر ئەوەشە ساڵی 1976 دوو رێكخراوی سیاسی لەو دەڤەرە بەرپا دەبن، ئەوانیش بزووتنەوەی سۆسیالیستی و قیادە موەقەتە، كە سەركردایەتی كاتی پارتی بوو، ئێستا پشدەر دوای 23 ساڵ لە راپەڕین، پێویستی بە ئاوەدانكردنەوەی زیاتر هەیە. پشدەرییەكان دەڵێن، كاتێك ئاوەدانكردنەوە لە ناوچەكەیان دەستیپێكرد، خێرومەند و دەوڵەمەندەكانی پشدەر پێشەنگبوون، نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 2003ـوە، هەوڵی داوە دەڤەرەكە ببووژێنێتەوە، بەڵام دان بەو راستییە دەنێت، كە هەرچیی بۆ پشدەر بكات، لە ئاستی قوربانیدان و هەڵوێستی هاونیشتمانییانی نابێت.

پشدەر لە كاتی جەنگی عێراق-ئێرانیش بووبووە بەرەیەكی گەرمی شەڕوسەرتاسەری ئەو دەڤەرە سەربازگەو تۆپخانە بوو، شەڕكەرانی هەردوو لا ناوچەكەیان وێرانكرد، لە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتیش لە ساڵانی نەوەدەكان، دیسان دەڤەرەكە زەرەرمەندبوو












رووداو
Top