كەشناسی سلێمانی هۆشداریی روودانی لافاو دەدات
دارا حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێشبینیدەكرێت شەپۆلێكی پاڵەپەستۆی نزم لە دەریای ناوەڕاست و باكووری كوردستانەوە روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكات و بەو هۆیەشەوە رۆژانی 10-14ی ئازار، باران بەبڕی جیاواز لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ببارێت.
بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی گوتیشی: بەوهۆیەوە پلەكانی گەرما نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن و پلەكانی گەرما لە نێوان 6-20 پلەی سەدی دەبێت و رێژەی شێش لە هەوادا 75-94% دەبێت.
دارا حەسەن هۆشداریشیدا لە ئەگەری روودانی لافاو بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەوە بە تایبەتی لە رۆژی سێشەمەی ئەم هەفتەیە 11ی ئازار.
پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك دەزگای راگەیاندن وا بڵاوكرایەوە كە دارا حەسەن گوتوویەتی "تاوەكو مووچە وەرنەگرم بەردیش ببارێت لەسەر كەشوهەوا قسە ناكەم"، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیكردەوە ئەوە قسەی ئەو بێت و گوتی "ئەوە قسەی گەنجە جوانەكانی شارەكەمەو ئەوەتا لێدوان دەدەمو یەك دیناریشم وەرنەگرتووە".
رووداو
