گوتەبێژی هاوپەیمانی کوردستانی لێدوانی شەهرستانی رەتدەکاتەوە

 گوتەبێژی هاوپەیمانی کوردستانی لێدوانی شەهرستانی رەتدەکاتەوە
گوتەبێژی هاوپەیمانی کوردستانی، لێدوانەکەی حوسێن شەهرستانی، لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتن رەتدەکاتەوە.

موئەیەد تەیب، گوتەبێژی هاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، رايگەیاند، لێدوانەکەی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، لەبارەی ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن، "هیچ بنەمایەکی راستی نییە".

گوتەبێژی هاوپەیمانی کوردستانی ئاماژەبەوەشدەکات، راستە دانووستاندن و گفتوگۆکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بارەی هەناردەکردنی نەوت و بودجە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و ئەوەی باس دەکرێت "دوورە لە راستییەوە".

ئەمڕۆ حوسێن شەهرستانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتەوە، رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوت بە رێگەی کۆمپانیای بە بازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)".

ئەمە یەکەم جار نییە حوسێن شەهرستانی لێدوانی هاوشێوە دەدات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام، بوونی رێککەوتنی لەوشێوەیە لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ بەغدا رەتدەکاتەوە.








رووداو
Top