د.مەحموود عوسمان: لەبەرئەوەی لە ھەڵبژاردن نزیک بووینەتەوە، مالیكی مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە

 د.مەحموود عوسمان: لەبەرئەوەی لە ھەڵبژاردن نزیک بووینەتەوە، مالیكی مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە
پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، نووری مالیکی کێشەی لەگەڵ کورد و سوننە دروست کردووە، لەبەرئەوەی لە ھەڵبژاردن نزیک بووینەتەوە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە زۆرترین دەنگی شیعەکان بۆ خۆی کۆ بکاتەوە.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی، د.مەحموود عوسمان، رایگەیاند: ئەو قەیرانەی ئێستا لە عێراق ھەیە، قەیرانێکی کۆنە وەک چۆن پیش چەند رۆژێک سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش باسی لێوە کرد، بۆیە لەئێستادا کێشەکان زۆر بوون و تەنیا بودجە نییە، بەڵکو زۆر کێشەی دیکە ھەن وەکو نەوت و غاز و پێشمەرگە و ماددەی 140.

د.مەحموود عوسمان گوتیشی: باشترین چارە بۆ ئەو قەیرانە گفتوگۆکردنە و پێویستە لە رێی گفتوگۆ و دانوستانەوە کێشەکان چارە بکرێن، بەڵام دیارە ھێشتا گفتوگۆی جیددی نەکراوە، چونکە لەئێستادا لە ھەڵبژاردن نزیک بووینەوە و ڕەنگە ئەمەیش یەکێک لە ھۆکارەکان بێت.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: نووری مالیکی لەئێستادا خۆی توند کردووە و کێشەی لەگەڵ کورد و سونە دروست کردووە، ئەمە زیاتر بۆ ھەڵبژاردنە و دەیەوێت لەم رێگەیەوە دەنگی شیعەکان بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، بۆیە ئەستەمە تا دوای ھەڵبژاردن کێشەکان چارە بکرێن، بەڵام ئومێدەوارین بتوانین لە چوارچێوەی دەستوور چارەیەک بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.

عوسمان روونی کردەوە كە، "بەپێی دەستوور مالیکی مافی ئەوەی نییە مووچە و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ببرێت، چونکە ئەگەر بودجە دەنگی لەسەر نەدرێت چۆن پارێزگاکان بەشی خۆیان ھەیە، بە ھەمان شێوە ھەرێمیش بەشی خۆی ھەیە، بۆیە بە رای من ئەو بڕیارەی کە داویەتی راوێژی بە کەس نەکردووە و بڕیارێکی دەستوورییش نییە."





kdp.info
Top