حكوومه‌تى هه‌رێم لێدوانه‌كانى نوورى مالكی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقی فیدراڵ نوورى مالكی له‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ى دواییدا و به‌تایبه‌تى ئه‌و قسانه‌ى ئێواره‌ى دوێنێ 2014/3/5 كه له میانى دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (ئێن ئار تی) كردی، به‌شێكی په‌یوه‌ست بوون به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئێمه له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه سه‌رله‌به‌رى ئه‌و قسانه‌ى ناوبراو ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نین كه ته‌واوى لێدوان و ئه‌و زانیاریانه‌ى مالكی ئاماژه‌ى پێداون، قسه‌ى بێ بنه‌مان و ده‌یه‌وێ ڕاى گشتی پێ چه‌واشه بكات.
مالكی له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌ى به پرسێك كردووه كه هێشتا لیژنه‌ى دانوستانكارى هه‌رێم و به‌غدا له تاوتوێكردنیدا به‌رده‌وامن، به‌ڵام ئه‌و به پێچه‌وانه‌ى لیژنه‌كان و ته‌نانه‌ت به پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵوێستى خودى حوسێن شه‌هرستانى ـ ش قسه‌ى كردووه، كه له دانیشتنه‌كاندا لایه‌نگرى بیرۆكه‌ى دانانى داهاتى پترۆڵی كوردستان بووه له سه‌بئه‌كاونتێك له بانكى تایبه‌ت به سه‌ندووقى په‌ره‌پێدانى عیراق (DFI) به ناوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه.
ئێمه له هه‌موو دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا داوامان كردووه هه‌رێم به‌پێی ده‌ستوور نه‌وتى خۆی هه‌نارده بكات و داهاته‌كه‌شی ئه‌گه‌ر هێنده‌ى پشكی هه‌رێم بوو له‌ناو هه‌مان ئه‌و بانكه‌ى ناوبراو دابنرێ كه داهاتى نه‌وتى عێراقیشی تێدا هه‌ڵده‌گیرێت و له‌وێوه ڕاسته‌وخۆ بخرێته سه‌ر بانكی ناوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر له پشكی هه‌رێم زیاتریش بوو، زیاده‌كه بخرێته سه‌ر حیسابی حكوومه‌تى فیدراڵ، كه‌چی مالكی دێت و به نه‌فه‌سێكی چه‌واشه‌كارانه درێژه به‌و هه‌ڵمه‌ته ده‌دات كه ماوه‌یه‌كه گرتوویه‌تیه به‌ر و قسه و زانیاریى نادروست و سه‌یر و سه‌مه‌ره ڕیز ده‌كات كه هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نیه، ئه‌گه‌ر نا هه‌رێمی كوردستان چ پێویستییه‌كی به ڕاكێشانى بۆریی نهێنییه وه‌ك مالكی باسی ده‌كات؛ له كاتێكدا ئێمه به ئاشكرا و به‌پێی یاسا و ده‌ستوور هێڵی هه‌نارده‌كردنى پترۆڵمان دامه‌زراندووه.
یان دێت و ئاماژه به چه‌ندین ژماره و داتا سه‌باره‌ت به بڕه پترۆڵی گوایه هه‌نارده‌كراو ده‌كات و ته‌نانه‌ت جیاوازى له نێوان بڕی بودجه‌ى ساڵی ڕابردوو و بڕی بودجه‌ى ئه‌مساڵ ناكات كه هێشتا په‌سه‌ند نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌و دێت و ئه‌وانه‌ش كۆ ده‌كاته‌وه و وه‌ك قه‌رز له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌ژمارى ده‌كات!، له كاتێكدا به‌غدا هه‌تا ئێستاش نزیكه‌ى نیوه‌ى موسته‌حه‌قاتى ڕابردووى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى نه‌داوه كه هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌رى ڕێككه‌وتبوون.
ئه‌و قسه و لێدوانانه‌ى مالكی بێجگه له‌وه‌ى مه‌رامێكی چه‌واشه‌كارانه‌ى له پشته‌وه‌یه، هاوكات نادیده‌گرتنی ڕاوبۆچوون و هه‌ڵوێستى سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى حكوومه‌ته‌كه‌یه‌تى كه له‌باره‌ى پرسی پترۆڵه‌وه دانوستان له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌كات، یان لانیكه‌م ئه‌و بێ ئاگایه و زانیاریی هه‌ڵه و له‌سه‌رچاوه‌ى هه‌ڵه‌وه پێده‌گات. ده‌نا ناوهێنانى به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌م پرسه‌وه هه‌یه؟! گوایه وه‌ك مالكی ده‌ڵێ كۆنترۆڵی ئه‌و حیسابه بانكییه بخرێته ژێر ده‌ستی جه‌نابیانه‌وه!، ئه‌م قسانه هیچ بنه‌مایه‌كیان نیه و له هه‌موو ڕاستییه‌كه‌وه دوورن، مه‌گه‌ر مالكی خۆی بزانێ ئه‌و قسانه‌ى به چ مه‌به‌ستێكه‌وه كردووه!.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ى قسه‌كانیدا، مالكی به‌بێ ڕه‌چاوكردنی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگایه‌ك به‌راورد ده‌كات كه به‌سرایه!!، له كاتێكدا ئه‌و سوێندی ده‌ستووری خواردووه كه پارێزگاری له‌و ده‌ستوورى عێراق بكات، ئه‌و ده‌ستووره‌ى دانی به بوونى هه‌رێمێكی فیدراڵ‌دا ناوه كه ناوى هه‌رێمی كوردستانه و هه‌ر ئه‌و ده‌ستووره‌ش ده‌سه‌ڵاته ته‌شریعی و ته‌نفیزیه‌كانى كوردستانی دیاری كردووه.
به‌پێی ده‌ستوور هه‌رێمی كوردستان پێگه‌ی ده‌ستووریی خۆی هه‌یه و هه‌ر به‌راوردكردنی به پارێزگایه‌ك هاودژه به ده‌ستوورى وڵات. به‌ڵام مالكی كه لیسته‌كه‌ى خۆی ناو ناوه "ده‌وڵه‌تى قانوون"، دژ به چه‌مك و بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه ده‌كات به مه‌به‌ستى نادیده‌گرتنی پێگه‌ى هاوبه‌شه سیاسییه‌كان و داڕووخاندنى پایه‌كانى عێراقی نوێ كه خۆی له دیموكراسی و فیدراڵیزم و شه‌راكه‌ت و فره‌یی و سازاندا ده‌بینێته‌وه.
سه‌فین دزه‌یی
وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان
