بارزانی: ئەگەر بەغدا لە فشار بەردەوامبێت، هەڵوێستێکمان دەبێ کە چاوەڕێی نەکەن

 بارزانی: ئەگەر بەغدا لە فشار بەردەوامبێت، هەڵوێستێکمان دەبێ کە چاوەڕێی نەکەن
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا، لەمیانەی هێنانەوەی رووفاتی 93 ئەنفالکراوی بارزانیدا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا بەردەوام بن لەو فشارانە، هەڵوێستیکمان دەبێت، کە چاوەڕێی نەکەن.

بارزانی لەبارەی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی: "كەسێك سەرۆك وەزیران بێت و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیش بێت، دەبێ راستگۆش بێت".

بارزانی سەبارەت بە دیموکراسی لە عێراق رایگەیاند: "عێراق لە مەترسیدایە، دیموكراسی، فیدڕاڵی و پێكەوەژیان لە پاشەكشەدایە و مەترسی گەورەیان لەسەرە، هیچ مانایەك بۆ شەراكەت نەماوەتەوە".

بارزانی تیشکی خستە سەر ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا و رایگەیاند، "ئەم مەسەلەیە نە مەسەلەی نەوتە نە بودجەیە، بەڵكو زۆر لەوە گەورەترە، مەسەلە شكاندنی شكۆ و هەیبەتی كورد و كوردساتەنە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردەوە، کە "ئەوان دەیانەوێ ئێمە پاشكۆبین و وەك پارێزگایەك حساب بۆخەڵكی كوردستان دەكەن و دەیانەوێ بێ بڕیاریش بین".

بارزانی پرسیاردەکات، کە "پاش ئەو هەموو قوربانیدانە، ئایا خەڵكی كوردسان ئامادەیە بڕیاری خۆی بداتە دەست خەڵكیتر؟" پێشیوابوو هەموو خەڵكی كوردستان یەك هەڵوێستن و مەحاڵە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە "هەنگاو بەرەو دواوە بنێین".

مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاند، "لە رابردوودا چەندین جار شاندی كوردستان چوونەتە بەغدا، بەڵام لە جیاتی چارەسەری گرفتەكان، نانی خەڵكی كوردستانیان بڕی، كە ئەمە كارێكی دوژمنكارانەیە و گفتوگۆی لەسەر ناكرێ".

بارزانی هەڕەشەی لە حکومەتی بەغدا کرد و گوتی: "ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا وا بیربكەنەوە ئەمە وەك كارتێكی فشار بەكاربهێنن، بە دڵیانییەوە دەیڵێم و مەبەستیشمە لەوە، ئەگەر ئەوان بەردەوامبن، هەڵوێستی وامان دەبێ، كە لە تەوەقوعی ئەواندا نەبێت، با چاوەڕوانیش بن بزانن پێمان دەكرێ یان نا، هیچ كەسێك تەسەور نەكات، کە ئەوان دەتوانن وا بەئاسانی غەدر لە خەڵی كوردستان بكەن، فێر نەبووین لەژێر زوڵم و زۆرداری بژین".

بارزانی پێیوابوو، "كێشەی گەورە ئەو عەقڵییەتەیە، كە كورد وەک هاووڵاتی پلە دوو سەیر دەكرێ، ئەمە لە كاتێكدا كورد رۆڵی زۆری بینی، كە هەموو پێكهاتەكان مافیان لە نێو دەستووردا هەبێت، كە ئێستا كاری پێناكرێ، ئەگەر پێشێلیش نەكرابا، هەموو پێكهاتەكان دەمانتوانی برایانە بژین".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "دەبێ پێداچوونەوە بە پەیوەندی ئێمە و بەغدا هەبێت، چونكە ناتوانین بەو شێوەیە بژین"
Top