ئاسایشی گەرمیان دەستی بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار فیشەكدا گرت
لەمبارەیەوە لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان، نەقیب عوسمان عەبدولكەریم بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند:" لە چوار چێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانی هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە نەهێشتنی قاچاخچێتی كردن بە چەك و تەقەمەنییەكان و بنەبڕكردنی دیاردەی چەك هەڵگرتنی بێ مۆڵەت، لە لایەن كارمەندانی بازگەی "بەردەسوور" لە دەروازەی شاری كەلار، لە كاتی پشكنینی ئۆتۆمبیلێكی جۆری "پیكاب نیسان"، توانرا دەستبگیرێت بە سەر (10)سندوقی فیشەكی كڵاشنكۆف كە بڕی حەوت هەزار و 500 فیشەك تێدابوو بە شێوەیەكی قاچاغ و نایاسایی لە ناو ئۆتۆمبیلەكەدا شاردرابووەوە.
نەقیب عوسمان ئاماژەشیدا، هاوكات لە لایەن هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیرا بە سەر ئۆتۆمبیلەكەداو هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبیلەكەش كە ناوی "ع، س، ح" و تەمەنی 31 ساڵە و دانیشتووی گوندی بایزئاوای سەر بە ناحیەی وارماوەیە لە لایەن دادوەری لێكۆڵینەوەوە بە پێی ماددەی(21)ی یاسای چەك راگیراوە.
لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، كە تۆمەتباری ناوبراو لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە رایگەیاندووە ئەو فیشەكانە لە ناحیەی وارماوە كڕیوە و بەمەبەستی ساغكردنەوەی ویستوویەتی بیهێنێتە شاری كەلار.
