هۆشیار زێباری: عێراقی نوێ لە مەترسیدایە

 هۆشیار زێباری: عێراقی نوێ لە مەترسیدایە
هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق باس لەوە دەكات كە بارودۆخی ئێستای عێراق لە مەترسیدایەو دەشڵێ "گرفتی سەرەكیمان تیرۆرە".

هۆشیار زێباری لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، كە تایبەتە بە تاوتوێكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتارێكی پێشكەشكرد.

زێباری بە زمانی ئینگلیزی وتارەكەی دەستپێكرد‌و سەرەتا باسی لە كێشە نێوخۆییەكانی عێراق كردو گوتی "عێراقی نوێ لەسەر هیوای هەموو لایەنەكان بونیادنرابوو، بەڵام ئێستا ئەو عێراقە لە مەترسیدایە". ئاماژەی بەوەشكرد، كە مەترسی سەرەكی ئێستای عێراق تیرۆرە.

سەبارەت بە كێشەكانی هەولێر و بەغداش، كە بەم دواییانە تووندتر بوونەتەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، كە هەموو لایەنە عێراقییەكان لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەدان لەرێگەی گفتوگۆوە.

هۆشیار زێباری بەشێوەیەكی گشتیی باسی لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كرد‌و نموونەی بە كوردی قسەكردنی ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیای هێنایەوە و گوتی "بەكوردی قسەكردنی داودئۆغڵو مانای گۆڕانكارییەكی گەورەیە، چونكە چەند ساڵێك لەمەوبەر بەهۆی سوێندخواردنی بە كوردی، لەیلا زانا لە توركیا زیندانیكرا، بەڵام ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی توركیا خۆی بە كوردی قسەدەكات".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، كە عێراق هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بەرەو باشتر ببات و ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی بەغداو ئەنقەرە كردو گوتی "پلانی گەورەو باشمان پێكەوە هەیە"










رووداو
Top