دەستەبژێری تۆتالیتار هاوپەیمانەكانی وەك دوژمن سەیر دەكات بۆ ئەوەی بە بەهێزی دەربكەوێت بەڵام دەوڵەت بەرەو فاشیلبوون دەبات

دەستەبژێری تۆتالیتار هاوپەیمانەكانی وەك دوژمن سەیر دەكات بۆ ئەوەی بە بەهێزی دەربكەوێت بەڵام دەوڵەت بەرەو فاشیلبوون دەبات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پرۆفیسۆر جەین فۆنتەین گوتی: لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتای دەركەوتنی ئەم بیرۆكانە لای دەستەبژێری حكومڕانەوە هەستێك لایان دروست دەبێت بەوەی بەم رێگەیە بەهێز دەبن، بەڵام لەمەودای دووردا ئەم بیرۆكانە دەوڵەتەكە بەرەو فاشیلبوون دەبات، لەسەرەتادا رەفتاری ئەم دەستەبژێرە وا دەردەكەوێت كە گرتنەبەری ئەم ستراتیژیەتانە شتێكی سەرنجڕاكێش دەبێت، لەبەر ئەوەی هەستی خەڵكی بەرامبەر بە دەوڵەت زیاتر دەكەیت كاتێك لەوانی دیكە دوژمنێك دادەتاشیت و كێشەیان لەگەڵدا دەخوڵقێنێت، واتە وا دەردەكەوێت كە تۆ سەركردایەتیەكی بەهێزت هەیە، بەڵام لە مەودای دووردا كاتێك وڵاتەكە پێویستی بە شەریكێك دەبێت، ئەوا كەسێك نادۆزێتەوە كە هاوكاری بكات یان كاری لەگەڵدا بكات. كەواتە ئەمە بە تێپەڕبوونی كات ڕوون دەبێتەوە كە ستراتیژیەتێكی شكستخواردووە.

هەروەها جەین فۆنتین گوتی: كاتێك دەسەڵاتێك نەتوانێت بە هاوبەشی لەگەڵ پێكهاتە سیاسییەكان وڵات بەڕێوە بەرێت، ئەوە بەڵگە نەویستە كە پەنا بۆ كۆنترۆڵكردنی هەموو دەسەڵاتەكان ببات، پێش هەمووشیان ئابووری و سەربازی، كە ئەمەشی كرد بێگومان دەبێتە كێشە بۆ دابینكردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی خەڵك لە كۆمەڵگەكەدا و لە بواری ئابووریدا پێویستیان پێیەتی، چونكە ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی سەرچاوە و بایەخدانەكان بە ئاڕاستەی نوێگەری نەبێت كە هەمو كۆمەڵگەیەك پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی هەنگاو لەگەڵ تازەگەری تەكنەلۆجیادا هەڵبگرێت و سیستمی پەروەردەیی و سیستمی گواستنەوەی خۆی باش بكات. كەواتە تەركیزی چڕ لەسەر چەند كەرتێكی كەم تەنها لە پێناوی پاراستنی دەسەڵاتدا زیانبەخشە لەسەر بەشەكانی دیكەی كۆمەڵگە.

شاياني باسه لە درێژەی قسەكانیدا پرۆفیسۆر جەین گوتی: دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم دەستەبەرداری ئومێد و هیواكانتان مەبن. دووەم دەبێت ئەوە ڕوون بێت كە گۆڕانكاریە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان كاتێكی زیاتریان پێدەچێت و لەوە قورسترن كە زۆرێك لە خەڵكی بیریان لێدەكەنەوە. ئەم كێشانە بە ماوەیەكی كورت دروست نەبوونە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ماوەیەكی كورت چارەسەر بكرێن، تاوەكو بتوانین نوێنەرایەتیەكی شەفافتر بێنینەئاراوە، ئەوا دەتوانین دیالۆگ و گفتوگۆی زیاتر بكەین و دەتوانین حكومەتێك پێبكهێنین كە هاوكاری كردن لە خۆبگرێت و كار بۆ هەمووان بكات.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (967)دا
Top