سوپای عێراق لە بۆردوومانی فەللوجە بەردەوامەو پێشی كۆنترۆڵ ناكرێ

 سوپای عێراق لە بۆردوومانی فەللوجە بەردەوامەو پێشی كۆنترۆڵ ناكرێ
ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند بەهۆی ئەو رێكارانەی لەم دواییەدا گرتوویانەتەبەر رەوشی ئەنبار ئارامتر بووەتەوە، بەڵام گوتەبێژی هۆزەكانی فەللـوجە دەڵێ پێكدادان لەنێوان سوپا و چەكداران بەردەوامە و ر‌وومادی و فەللـوجە بۆردوومان دەكرێن.

سەباح كەرحوت، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: "بەهۆی ئەو رێكارانەی لەم دواییەدا گرتمانە بەر بەتایبەتیش دەستپێشخەرییەكەی ئەم دواییەی پارێزگای ئەنبار ئێستا رەوشی پارێزگاكە كەمێك ئارامە".

كەرحوت گوتیشی: "دەستپێشخەرییەكەی ئەمجارەی پارێزگای ئەنبار لەلایەن سەرۆك هۆز و زانایانی ئاینی شارۆچكەی فەللـوجە پێشوازی لێكراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك كە جێگای رەزامەندی هەموو لایەك بێت، هاوكات داوامان لە ئاوارەكان كردووە بگەڕێنەوە شوێنەكانیان و هەموو ئەو خێزانانەی بەهۆی ئەم دۆخەوەش زیانیان بەركەوتووە لەلایەن حكومەتی عێراق قەرەبوو دەكرێنەوە".

عەبدولرەزاق نایل، گوتەبێژی هۆزەكانی فەللـوجە لەمبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەڕێكی تو‌وند لەنێوان چەكدارانی هۆزەكان و سوپای عێراقی لە ناوچەی مەلعەب لە ئارادایە، شارۆچكەی فەللـوجەش گەمارۆدراوە و بەردەوامیش بۆرد‌وومان دەكرێت، لە ناوچەی گەڕمەش چەكدارانی هۆزەكان بەرپەرچی هێرشێكی سوپای عێراقیان داوەتەوە".

سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكەی پارێزگای ئەنباریش نایل گوتی: "تاوەكو بۆردو‌ومانكردنی فەللـوجە رانەگیرێت، دەستپێشخەرییەكەی پارێزگای ئەنبار نرخی نابێت".

بە مەبەستی راوەدو‌ونانی چەكدارانی سەر بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) نزیكەی دوو مانگە سوپای عێراقی شارۆچكەی فەللـوجەی گەمارۆداوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە شارۆچكەكە كۆنترۆڵ بكات.








رووداو
Top