"چاوه‌ڕوانی به‌غدا ناكه‌ین" وه‌زاره‌تی دارایی، مووچه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ دابه‌ش ده‌كات

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی پلاندانان دابه‌ش ده‌كرێت و وه‌زاره‌تی دارایی و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم دواین جێگه‌ ده‌بن كه‌ مووچه‌ی مانگی شوبات وه‌رده‌گرن. ده‌شڵێت: "چاوه‌ڕێی به‌غدا ناكه‌ین مووچه‌ بنێرێت، ئه‌وه‌ی ده‌درێت به‌شێكی داهاتی ناوخۆیه‌و به‌شێكیشی قه‌رزه‌".

دلێر تاریق، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: سبه‌ینێ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی شوباتی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌س له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن.

وتیشی: "سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی دارایی دواین شوێن ده‌بن كه‌ مووچه‌ وه‌رگرن".

راشیگه‌یاند: مووچه‌ی فه‌رمانبەرانی هه‌رێم به‌شێكی قه‌رزه‌و به‌شێكی له‌ داهاتی ناوخۆ دابین كراوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی به‌غدا ناكه‌ن مووچه‌ بنێرێت، چونكه‌ پێشتر ئاماده‌كاری بۆ دابینكردنی مووچه‌كه‌ كراوه‌.

دوێنێ نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاریدا مووچه‌ی مانگی شوبات و ئازار بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌و هیوایه‌ی ببێته‌ هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌كردنی كیشه‌كان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی به‌ دوادابێت.












خه‌ندان
Top