نوجەیفی بۆ تاوتوێكردنی بودجە گەیشتە هەولێر
محەممەد خالیدی، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق و سەركردە لە هاوپەیمانی موتەحیدون، كە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكایەتی دەكات، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئوسامە نوجەیفی بۆ تاوتوێكردنی دواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 لە پەرلەمانی عێراق و نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی و قەیرانەكانی ئەمڕۆی عێراق گەیشتە هەولێر".
خالیدی گوتیشی "هاتنی نوجەیفی بۆ هەولێر بۆ نێوانگیری نییە لە نێوان هەولێرو بەغدا، بەڵام هەوڵی تێپەڕاندنی یاسایەكی گرنگ وەك بودجەی فیدراڵی و تاوتوێكردنی قەیرانەكانی عێراق بە تایبەت قەیرانی پارێزگای ئەنبار و هەوڵی چارەكردنیان ئەركی سەرۆكی پەرلەمانە".
نووسینگەی ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، كە نوجەیفی لە چەند رۆژی داهاتوودا بەمەبەستی نێوانگیریی نێوان هەولێر و بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر بڕگە تایبەتەكان بە پشك و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014ـی عێراق و بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی موتەحیدونەوە، ماوەی چەند مانگێكە بودجەی فیدراڵی لە پەرلەمان چەقی بەستووەو بەغدا ئامادە نییە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە رەوانە بكات.
رووداو
