له‌ ئامه‌د یادی كۆچی دوایی باوكی رۆحی كورد (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) ده‌كرێـته‌وه‌

 له‌ ئامه‌د یادی كۆچی دوایی باوكی رۆحی كورد (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) ده‌كرێـته‌وه‌
پلاتفۆرمی دیموكراسی كورد له‌ دیاربه‌كر بۆ یادكردنه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی باوكی روحیی كورد كه‌ پێش 35 ساڵ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆچی دوایی كردووه‌، رۆژی دووی ئاداری 2014 له‌ هۆڵی كۆنفرانس و نمایشی رێنیسانسی دیاربه‌كر كۆنفرانسێك، ئه‌نجام ده‌دات.

له‌باره‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر شاشه‌كانی رێكلامی ناو شاری دیاربه‌كر تابلۆی بارزانی نه‌مر دانراون و به‌ كوردی له‌ سه‌ریان نووسراوه‌ بانگھێشت بۆ یادكردنه‌وه‌ی نه‌مر مه‌لا مسته‌فا بارزانی.

ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كه‌سایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رۆشنبیران و سیاسه‌توانانی توركیا به‌شداری له‌م یادكردنه‌وه‌یه‌دا ده‌كه‌ن. سه‌رۆكی پلاتفۆرمی دیموكراتی كورد سه‌رتاچ بوجاك گوتی: به‌ بۆنه‌ی 35ه‌مین ساڵوه‌گه‌ری كۆچی دوایی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌رنامه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ین كه‌ به‌م شێوه‌ به‌رهه‌می پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ر و دیموكراتیبوونی توركیایه‌.

بوجاك ئاماژه‌ی به‌وه‌دا تا ئێستا یادكردنه‌وه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی وا ئاشكرا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و گوتی: مه‌لا مسته‌فا بارزانی جێیه‌كی تایبه‌تی له‌ دڵی كوردانی توركیادا هه‌یه‌.

بۆچوونی سیاسیی مه‌لا مسته‌فا بارزانی هه‌ر چۆن بووبێ، له‌لایه‌ن هه‌موو كورده‌وه‌ وه‌كو سه‌رۆكێكی نه‌ته‌وه‌یی قبوڵ ده‌كرێ.
Top