سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاراستەی حكومەتی فیدرالی و تەوافوقی بەرەو دیكتاتۆریەتی زۆرینە بردووە
هەروەها دۆسكی گوتی: لە عێراقدا سێ پێكهاتەی سەرەكی هەیە كە ئەوانیش (كورد و شیعە و سوننە)ن، ئێمە وەك كورد دژی هەموو جۆرە پەراوێز خستنێكین ئەوجا ئەو پەراوێز خستنە سوننە بێت یان تەنانەت پێكهاتەیەكی ناو شیعەش بێت، لە دروستكردنی هاوپەیمانیشمان لەگەڵ یەكێك لە پێكهاتەكان، هەرگیز لەسەر ئەو بنەمایە هاوپەیمانی ناكەین، بۆ نموونە هاوپەیمانی لەگەڵ شیعە بكەین بۆ پەراوێزخستنی سوننە، یان ئێستا كە كێشەمان لەگەڵ لایەنێكی سیاسیی ناو پێكهاتەی شیعە هەیە هاوپەیمانی لەگەڵ سوننە بكەین بۆ پەراوێزخستنی شیعە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێمە وەك كورد كێشەمان هەبێت، كێشەمان لەگەڵ پێكهاتەیەكی دیاریكرا و نییە، بەڵكو كێشەمان لەگەڵ لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو هەیە، هەروەك ئێستا راستە هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا و مالیكی هەیە، بەڵام كێشەمان لەگەڵ لەگەڵ پێكهاتەی شیعە نییە، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكانی عیراق ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە دەبێت لە عیراقی تازە حكومڕانی لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت.
شايانی باسە دیندار دۆسكی گوتی: هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە، ئەگەر باسی سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی هەرێمی كوردستانیش دەكەیت، ئەوە تەنیا بۆ باسكردنی كێشەی بودجە و هەناردەكردنی نەوت بووە، لەم كێشەیەشدا پرسی سەرەكی نەوتە، لەبەر ئەوەی كێشەی ناو بودجەش باس لە مەسەلەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەم كێشەیەش بریتییە لەوەی دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە بكات و هەناردەكردنەكەش بەرێگەی دامەزراوەی دەوڵەتی عێراق بۆ بەبازاڕكردنی نەوت ( سۆمۆ –somo)وە بێت و حكومەتی عێراق كۆنترۆڵی هەموو پرۆسەكە بكات و هەرێمی كوردستان هیچ رۆڵێكی تێدا نەبێت، بۆیە ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان بەم پێشنیارەی حكومەتی عێراق رازی نابین، لەبەرامبەردا پێشنیاری شاندی كوردستان كە حكومەتی فیدرالی پێی رازی نەبووە، پیشنیاری ماقووڵ و رێكوپێك بووە. هەر بۆنموونە ئەم دامەزراوە دەوڵەتیەی بۆ بەبازاڕكردنی نەوت كە پێی دەڵێن سۆمۆ، دامەزراوێكە حكومەتی عێراق بە ئارەزووی خۆی دایمەزراندووە و لە هەیكەلی دامەزراندنەكەیدا رەچاوی پێكهاتەكانی دیكەی عێراق نەكراوە، واتە ئەم دامەزراوەیە لەبەر ئەوەی بۆ بەبازاڕكردن و فرۆشتنی نەوتی عێراقە و نەوتیش موڵكی هەموو گەلانی عێراقە، ئەوا دەبێت ئەم دەمەزراوەیەش (سۆمۆ) رەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكان لەخۆی بگرێت .
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(966) دا
