ئابَلۆقەدان وەك كارتێكی گۆشار كارێكی نامرۆڤانەیە
هۆكاری ئەم رووداوە ئەو ئابڵوقەیەیە كە حكومەتی ناوەند بەرانبەر بە هەرێم بەكاری هێناوە، حكومەتی بەغدا زۆر راشكاوانە هەوڵدەدا كە مەسەلەی نەناردنی مووچەی مانگانە وەك كارتێكی گۆشار دژ بە هەرێم بە كار بهێنیت و حكومەتی هەرێم ناچار بكات ملكەچی داوا ناڕواكانی مالیكی بێت، بێگۆمان ئەمە سیاسەتێكی فاشلە كە دیكتاتۆرەكان دەرحەق بە گەلان بەكاری دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناڕەواكانیان و بۆ چەوساندنەوە. حكومەتی بەغدا هاوكات پەنابەرانی (كامپی ئەلحوریە) لە پارێزگای بەغدای خستووەتە بەر ئابلۆقەیەكی تۆندوتۆڵ تا رادەیەك كە رێگای چوونی خواردەمەنی و سوتەمەنی لێ داخستوون و باری ژیانیان زۆر لە مەترسیدایە .
ئێمە لەو باوەڕەداین ئەمكارانە رێخۆشكەرە بۆ سەرهەڵدانەوەی دیكتاتورییەت لە عێراق. هەربۆیە وێڕای سەركۆنەكردنی ئەم شێوازە، داواكارین لە هەموو گەلانی ناوچەكە و هەموو ئازادیخوازان جیهان و هەروەها هەموو رێكخراوە مرۆڤییەكان ئەمكارانە مەحكووم بكەن و نەهێڵن مووچە و خواردەمەنی خەڵك وەكوو كارتی گوشار لە لایەن حكومەتی مالیكیەوە بەكار بهێنرێت و حكومەتی بەغدا ناچار بكەن دەست بەرداری ئەمجۆرە كارانە بێت.
ئەنجوومەنی دۆستایەتی هەرێمی كوردستان
و گەلی ئێران
23/2/2014
