١١١کوردی رۆژئاوای کوردستان بەپیادە بەرەو مەزاری نەمران بەڕێکەوتن

١١١کوردی رۆژئاوای کوردستان بەپیادە بەرەو مەزاری نەمران بەڕێکەوتن
بەبۆنەی ١١١ ساڵەی لەدایکبوونی باوکی رۆحی نەتەوەیی کورد (بارزانیی نەمر) وەک ھەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانە بۆ سیمبولی نەتەوەیی کورد، بەھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ١١١ کورد بە تەمەنە جیاوازەکانەوە بەپیادە لە کەمپی دارەشەکرانەوە بەرەو مەزاری نەمران لە بارزان بەڕێکەوتن.



لەلایەکی دیکە لە کەمپی دۆمێز لە ھەڵمەتێکدا ٢٦٠٠٠ دیاری بەسەر منداڵاندا دابەشکرا.

ئەمڕۆ ٢٤/٢/٢٠١٤ لە رێوڕەسمێکدا بەئامادەبوونی موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەکامپی دارەشەکران دانیشتوانی کەمپەکە وەک ئەمەکدارییەک بۆ رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدان لەپێناو گەلی کوردستاندا، ١١١ کوردی رۆژئاوای کوردستان بە تەمەنە جیاوازەکانەوە بڕیاریاندا بەپیادە بەرەو مەزاری نەمران لە بارزان بەڕێبکەون.


لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت ئامادەکارییەکانی دەزگا بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیمی رێپێوانەکە، رایگەیاند: وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لەکاتی ھاتنی پەناخوازانی رۆژئاوای کوردستان توانیومانە بە ئەرکی خۆمان ھەڵبستین و خزمەتێکی زۆر باشی پەناخوازان لەسەرجەم کامپەکاندا بکەین، ژمارەیەکی زۆر لە گەنج و لاوی کامپەکە داوایان لێکردین رێوڕەسمێکیان بۆ رێکخبەین بۆ ئەوەی بەپیادە بەرەو مەزاری نەمران لە بارزان بەڕێ بکەون، ئەمەکداریی کوردانی رۆژئاواو تەواوی کوردستانیانە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری و خەبات و تێکۆشانی باوکی رۆحی بارزانیی نەمر لەپێناو سەرفرازی و ئازادی کوردستان.

لەلایەکی دیکە لەدرێژەی کارو چالاکییە بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کامپی دۆمێز, بەھاوکاری رێکخراوی سەمێریتان پێرسی ئەمەریکی بۆ ماوەی چوار رۆژ دەستکرا بە دابەشکردنی ٢٦٠٠٠ دیاری جۆراوجۆر بەسەر منداڵانی کەمپی دۆمێز.

قائید میرۆ مزوری
Top