ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بۆ كوردستانیەكان، هەم لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، هەمیش بۆ دووبارە سەلماندنەوەی ناسنامەی كوردستانیەتی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان
گۆران هەروەها لە درێژەی قسەكانی دا گوتی:
ئەنجامدانی هەڵبژارنی پارێزگاكان بۆ هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان و خودی پارێزگاكانیش گرنگی خۆی هەیە، كە تێیدا پارێزگارو جێگری پارێزگارو سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری دەكرێت، چونكە خەڵكی پارێزگاكانی كوردستان دەبنە خاوەنی نوێنەری خۆیان و هەموو خەڵكی ناحیەو قەزاكان دەتوانن گرفت و كێشە خزمەتگوزارییەكان و كەموكوڕی و داخوازییەكانیان بگەیەننە ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاو پلان و بەرنامەو كارەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دابڕێژرێت. تەنانەت لەئەنجوومەنی پارێزگاوە گفتوگۆ لەسەر تەرخانكردنی بودجەو دابەشكردنی بەشە بودجەو پارەو پرۆژەكان بۆ سەرجەم سەنتەری پارێزگاو قەزاو ناحیەو گوندەكان دەكرێت. لەلایەكی ترەوە ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێتە چاودێرێكی كاریگەر لەسەر كارو پرۆژەو ئەدای حكومەت و پارێزگا.
شایانی باسە خەسرەو گوتی: هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم جیاوازن و هەر پارێزگایەك بازنەیەكە، واتا هەر كاندیدێك دەبێت لەپارێزگاكەی خۆی كاندید بكات، تەنانەت بەپێی یاسا ژمارەی كاندیدەكانی پارێزگاكانیش دیاریكراون، بۆنموونە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەپارێزگای دهۆك كێبڕكێ لەسەر 11 كورسی دەكرێت و لە پارێزگای هەولێر 15 كورسی و لەپارێزگای سلێمانی 18 كورسی و لەموسڵ 31 كورسی و لەكەركوك 14 كورسی دەبێت، تەنانەت ژمارەی كاندیدەكانی پارێزگاكانیش بەپێی یاسا بڕیار دراوە بۆ نموونە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك (25 + 3) كورسی هەیە واتا 25 كورسی بۆ كوردەو 2 كورسی بۆ كلدان و ئاشور و سریانەو كورسیەكەی تری بۆ ئەرمەنە، بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش (25 + 5) چونكە لەهەولێر كۆتای توركمان و كریستیانیش هەیە، بۆ سلێمانیش 30 كورسییە، بەشێوەیەكی گشتی هەر لایەنێكی سیاسی زیاتر بهێنێت دەرفەتی بەڕێوەبردنی پارێزگاكەی زیاترە. هەر بۆیە هەردوو هەڵبژاردنەكە گرنگن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (966) دا.
