ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك فراكسیۆنەكان

 ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك فراكسیۆنەكان
كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتاییهات. لەو كۆبوونەیەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێكراون و هەمووانیش یەكهەڵوێست بوون بەرامبەر بەغدا.

كاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.

شوان قەڵادزەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسكردو گوتی "تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە باسكردنی ئەو كێشانە بووە، كە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی دروستدەكات، وەك هەناردەكردنی نەوت و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران".

قەڵادزەیی ئاماژەی بەوەشكرد "باس لە تاكڕەوییەكانی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە".

شوان قەڵادزەیی ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەموو لایەنە بەشداربووەكان یەكهەڵوێست بوون بەرامبەر سیاسەتەكانی بەغدا، "بەڵام رایەكیش هەبوو كە پێویستە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ زیاتر شەفاف بێت و لایەنەكان ئاگاداری داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بن".

بە گوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی، هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بایەخ بە كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی دیكەی داهات بدات، بۆئەوەی لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێكی وەكو نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە پشتی پێببەسترێ.









رووداو
Top