رەخنە لەشێوازی کارەکانی یونیسێف دەگیرێت لە کوردستان

رەخنە لەشێوازی کارەکانی یونیسێف دەگیرێت لە کوردستان
رێکخراوی منداڵانی بێسنووری کوردستان رەخنە لە شێوازی کاروچالاکیەکانی رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە کاروباری منداڵان لە هەرێمی کوردستان دەگرێت، بە گوتەی بەرپرسی ئەو رێکخراوە جگە لە چەند رێکخراوێک هیچ رێکخراوێکی دیکە ناتوانێت سوود لە کار و پرۆژەکانی رێکخراوی یونیسێف وەربگرێت.



بەرپرسی رێکخراوی منداڵانی بێسنوور "محەممەد مەجید رەواندزی" لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانس و رادیۆی پەیامنێر گووتئ: "سەرەڕای ئەوەی رێکخراوی یونیسێف لە هەرێمی کوردستان چەند کار و چالاکیەکی بۆ منداڵان ئەنجام داوە بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان نەبووە."



گوتیشی: "رێکخراوی یونیسێف لە هەرێمی کوردستان لەلایەن چەند کەس و رێکخراوێکی دیاری کراوەوە دەستی بەسەردا گیراوە و جگە لەو ژمارە رێکخراوە هیچ رێکخراوێکی دیکە ناتوانێت سوود لە کار و پڕۆژەکانی یونیسێف وەربگرێت."



ئاماژەی بۆئەوەش کرد: "لە هەرێمی کوردستان مندالان قوربانی یەکەمن بۆیە رێکخراوەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان پێویستیەکی زۆریان بە پاڵپشتی رێکخراوی یونسێف هەیە چونکە ئەوەی ئێستا دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت ئەو رێکخراوە لە ئاست داواکاریەکانی منداڵانی هەرێم نییە."



راشیگەیاند: "بەشی پاراستنی منداڵانی یونیسێف لە وڵاتانی دەرەوە زۆر چالاکە بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەو جۆرە نییە بۆیە بەنیازین یاداشتێکی ناڕەزایی ئاراستەی نێردەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین تاکو فشار بخاته سەریان بۆ ئەوەی هاوشێوەی وڵاتانی دەرەوە لەهەرێمی کوردستان کار و چالاکیەکانی رێکخراوی یونیسیف لە ئاست داواکاری و خواستەکانی منداڵان بێت."
Top