لە شەڕەكەی جەلەولا فەرماندەی فەوجێك و دوو ئەفسەر كوژران و 11 پۆلیسیش برینداربوون

لە شەڕەكەی جەلەولا فەرماندەی فەوجێك و دوو ئەفسەر كوژران و 11 پۆلیسیش برینداربوون
پاش ئەوەی لە سنووری شارۆچكەی جەلەولا چەكدارانی داعش هێرشیان كردەسەر رەباییەكی تایبەت بە هێزەكانی پۆلیسی فریاکەوتنی جەلەولا، بە پێی دوا زانیارییەكان، فەرماندەكەی فەوجی پۆلیسی تەواری دوو ئەفسەری دیكە كوژران و 11 پۆلیسیش برینداربوون.



سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە جەلەولا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەیانی ئەمرۆ لە ناوچەی ئیمام وەیسی نزیك ناحیەی جەلەولا، چەكدارانی داعش هیرَشیان كردە سەر رەباییەكی تایبەت بە هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی جەلەولا و لە لایەن هێزەكانیشەوە رووبەرویان بوونەوە.



سەرچاوەكە وتیشی، لە ئاكامی ئەو شەروپێكدادانە كە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەردەوام بوو، فەرماندەی فەوجی پۆلیسی فریاكەوتنی جەلەولا "عەقید فاروق تمێمی" كە دوای پێكدادانەكە بە هانای هێزەكانیەوە چووە بۆ ناوچەی ئیمام وەیس، خۆی و نەقیبێك بە ناوی ماجد كروی و هەروەها مولازمێك كوژراون و 11 پۆلیسی دیكەش برینداربوون.



ئەو سەرچاوەیە وتیشی، لە ئێستادا شەڕەكە كۆتایی پێكهاتووە و چەكدارەكان هەڵهاتوون و هێزی دیكەش ڕەوانەی ناوچەكە كراوە.



سەرچاوەكەی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر رونیشكردەوە، بریندارەكان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەكانی جەلەولا و خانەقین و كەلار و ژمارەیەكیان برینەكانیان زۆر سەختە.



ئەو سەرچاوەیە زیاتر وتی، ئەمشەویش لە ناحیەی جەلەولا تیرۆریستان چەند گوللە هاوەنێكیان لە دوورەوە ئاراستەی ناو ناحیەكە كرد بەڵام خۆشبەخاتە نەتەقینەوە و یەكێك لەو گوللە هاوەنانە لە نزیك بارەگای ناوچەی جەلەولای پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتۆتە خوارەوە. لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمشەو تیرۆریستان لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە خانووی سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی ناحیەی جەلەولایان تەقاندەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خانووەكە تەواو نەبووە و كەسی تێدا نەبووە، تەنها زیانی ماددی لێكەوتۆتەوە.
Top