ڕوونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکرات کوردستان لە راگەیندراوێکدا دەڵێت ، ماوەیەکە لەنێو میدیا و ڕاگەیاندنەکاندا ھەندێ بەرپرسی سەر بە باڵە توندڕۆیەکەی پەکەکە و پەیەدە کەوتوونەتە بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و لێدوانی بێسەروبەر لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەیی و پرۆسەی ئاشتیی لە باکوور و لە ھەوڵی ئەوەدان ڕاستیی بارودۆخی ڕۆژائاوای کوردستان لەبەر چاوی خەڵک بشێوێنن.




ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە

ماوەیەکە لەنێو میدیا و ڕاگەیاندنەکاندا ھەندێ بەرپرسی سەر بە باڵە توندڕۆیەکەی پەکەکە و پەیەدە کەوتوونەتە بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و لێدوانی بێسەروبەر لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەیی و پرۆسەی ئاشتیی لە باکوور و لە ھەوڵی ئەوەدان ڕاستیی بارودۆخی ڕۆژائاوای کوردستان لەبەر چاوی خەڵک بشێوێنن.


پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لە سەرەتای ڕووداوەکانی سوریاوە تا بەئەمڕۆ لە بەرامبەر دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژئاوا ھەڵوێستێکی نەتەوایەتی، کوردستانی، دیموکراسی و مرۆڤدۆستانەی نواندووە و لەسەر ئاستی ھەرێم و ناوچەکە و جیھاندا بە ھەموو کەناڵەکانی سیاسی، دیبلۆماسی، میدیایی و، بە شێوازی فەرمی و نافەرمییەوە پشتگیریی خۆی بۆ ھاوکاری و یەکخستنی گوتاری کوردی ڕۆژئاوا دووپاتکردۆتەوە و ئەم ھەڵوێستەش بەشێکە لە سیاسەتی نەگۆڕی پارتیمان بەرانبەر دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ھەموو پارچەکاندا.
لەمەودواش، وەک ڕابردوو بە ھەموو توانایەکی سیاسی، دیبلۆماسی، ئینسانی،ماددی و مەعنەوییەوە، ھەر چی لە توانایدا ھەبێت پشتگیری خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا دەکەین و بە کردەوەش ئەوەمان سەلماندووە.
ھەر بۆیەشە ستایشی کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی و بەرپرسی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕای گشتی کوردستان و جیھانی وەدەستھێناوە. ئەم ھەڵوێستەی پارتیمان، ھەڵوێستێکی مەبدەئیی نەگۆڕە و ھیچ کاتێک رەفتاری(پەیەدە) کار ناکاتە سەر ھەڵوێستمان، کە لەم دواییانە زیاتر بە ئاڕاستەیەکی تاکڕەوی و سەپاندنی سیاسەتی(الحزب القائد)، ھاوشێوەی حزبە توتالیتاریەکان، پڕوپاگەندەیەکی بێ بایەخ بڵاودەکاتەوە کە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی کەسانێکی دیاری نێو سەرکردایەتی (پەکەکە)وە ئەنجام دەدرێن.
ئەوە باڵە توندڕۆیەکەی پەکەکەیە کە دەست لەکاروباری ڕۆژئاوا وەردەدات و بە سەفەقاتی گوماناوی دەیەوێ لەڕێگەی باڵەکەی خۆیەوە کە پەیەدەیە ئەجێندای تر پیادە بکات و ھەموو ھەوڵێک بۆ یەکدەنگی و ھاوکاریی لایەنە کوردییەکان پەک دەخەن.
جارێکی تر تەئکید دەکەینەوە کە رۆژئاوا بە تەنیا موڵکی حزبێک نییە و ڕێککەوتنی ھەولێر چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ بەرقەرارکردنی کۆدەنگیی نیشتیمانی، بۆیە پێویستە ئەو ڕێککەوتنە ببێتە مەرجەعیەت بۆ گشت ھێزەکانی ڕۆژئاوا کە پارتیمان ھەموو پشتیوانییەک لەو مەرجەعیەتە دەکات.
سەبارەت بە کۆنگرەی نەتەوەیی جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە لەسەر بنەمای متمانە و تەبایی و کۆدەنگیی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ببەسترێت، بۆیە دەبێت ھەموو لایەنە سیاسییەکان ئەو ڕاستییە بزاننکە کۆنگرەی نەتەوەیی بە مەرجی پێشوەختە نابەسترێت.عەقڵییەتی سەپاندنی مەرج خۆی لە خۆیدا دروستکردنی کێشەیە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی. بۆیەش تەئکید دەکەینەوە کە کۆنگرەی نەتەوەیی موڵکی ھەموو کوردە نەک تەنھا لایەنێک کە بیەوێت مەرج و ئەدەبیاتی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت. پێویستیشە نوێنەرانی کۆنگرە، نوێنەرانی گەلی کورد بن، نەک تەنھا نوێنەری حزبەکان بن.بەرپاکردنی شەڕی راگەیاندنیش لە دژی پارتی و لەم کاتوساتەدا ئامانج لێی تێکدانی کۆدەنگیی نیشتیمانیە و، ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم کۆنگرەی نەتەوەییدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر و ئێستا و لە ئاییندەشدا بەردەوام دەبێت لەسەر پەیڕەوکردنی ڕێبازی کوردایەتی و مێژووی پڕ سەروەریشی لە مەھاباد و داستانی ئاراس و تا بەئەیلول و گوڵان و سەرھەڵدان، متمانەی خەڵکی کوردستانی بەدەست ھێناوە،ئەمڕۆش فاکتەرێکی سیاسیی بەھێزە لەسەر گۆڕەپانی ناوچەکە و جیھاندا، پاڵپشتێکی گەورەشە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە باکووریکوردستان.ھەر لەوچوارچێوەیەشدا سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئامەد، نیشانەی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆکە لە باکوور و لەنێو پڕۆسەی ئاشتیدا.باشترە ئەو لایەنانە لەجیاتی پروپاگەندەی بێبنەما، واقعبینانە سیاسەت بکەن و ھەموو ھەوڵێکیان ئەوەبێ پڕۆسەی ئاشتی بەرەو سەرکەوتن بچێت. بەڵام دیارە ئاشتی زیانبە باڵێکی توندڕەوی ناو (پەکەکە) دەگەیەنێت بۆیە ئەوان ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور سەرنەگرێت.
لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی کوردستان ئاگادار بکەینەوە لە ڕاستیی نامە گۆڕینەوەی نێوان (سەرۆک بارزانی) و بەڕێز (ئۆجەلان) لە ڕێی خاتوو (لەلیلا زانا) کە ئەوە نیشانەی متمانە و ھاوکاری و ھاودەنگیی نێوانیانە و ھیچ کەسێکیش بۆی نییە قسە لەو بارەیەوە بکات و ھەوڵ بدات ناوەڕۆکی نامەکان بە ئارەزووی خۆی بشێوێنێ و ئێمەش ھەموو ھەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای رۆژئاوایکوردستانی.

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٠/٢/٢٠١٤
Top