سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێنج حزبی کوردستانی كۆبۆوە
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی پێنج حزبە کوردستانییەکە بەخێرهاتنەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد و دەستخۆشییان لە بەڕێزیان کرد بۆ سەردانەکەی ئەوروپا و بەشدارییکردنیان لە كۆڕبهندی ئابووریی جیهانی له داڤۆس.
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد بیروڕای خۆیان لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی كابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخەنەڕوو. نوێنەرانی لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی بە درێژی باسی کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن و ئەو هەنگاوانەی کرد کە لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا نراون و رایگەیاند کە پێویستە لەماوەیەکی نزیکدا ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ بگەنە ئەنجام.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی ڕەوشی سیاسی و ئابووریی کوردستان پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا و ئەنجامی دانوستانەکان خرایەڕوو. هەروەها ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەرەسەندنەکانی تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕەوشی سوریا کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە هەڵوێستێكی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ ڕۆژئاوای كوردستان هەبێت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاواش هاوکار و یەکهەڵوێست بن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان سپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد کە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کۆ دەبێتەوە و ئەوەیان بە نیشانەی گرینگیپێدانی بەڕێزیان بە بیروبۆچوونە جیاوازەکان لەقەڵەم دا.
