بۆ ماوەی حەوت ڕۆژە پێكدادانەكانی سلێمان بەگ بەردەوامی هەیە

بۆ ماوەی حەوت ڕۆژە پێكدادانەكانی سلێمان بەگ بەردەوامی هەیە
بۆ ماوەی حەوت ڕۆژە شەڕو پێكدادان لە سنووری ناحیەی سلێمان بەگ بەردەوامی هەیە و تاوەكو ئێستا ناحیەكە لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانەكاندایەو هێزە ئەمنییەكانیش سەرەڕای چەند هێرشێكی فراوان بۆ سەر ناوچەكە، نەیانتوانیوە چەكدارەكان لە ناحیەكە دەربكەن.



سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە ناحیەی سلێمان بەگ بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئەمرۆ بۆ ڕۆژی حەوتەم شەڕەكەی نێوان چەكدارانی داعش و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە ناحیەی سلێمان بەگ بەردەوامی هەیە و تاوەكو ئێستا سەڕەرای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان ماوەی دوو ڕۆژە هێرشێكی بەرفراوانیان دەست پێكردووە، بەڵام ناحیەكە بە دەستی چەكدارەكانەوەیە.

سەرچاوەكە ئاماژەشیدا، هێزە ئەمنییەكان هەندێكجار پێشڕەوی دەكەن و دواجار دەكشێنەوە.

رونیشیكردەو، پێكدادانەكە بە شێوەیەكی قورس بەردەوامە و چەندین جۆر چەكی تێدا بەكاردەهێندرێت و كۆپتەریش بە سەر ئاسمانی ناوچەكە بە بەردەوامی دەسوڕێتەوە بۆردومان دەكات.

دوو رۆژ لەمەوبەر، سەرچاوەیەكی سەربازی بەرپرس لە سوپای عێراق بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئەگەر چەكدارەكان بكشێنەوە لە ماوەی دوو رۆژ ناحیەكە كۆنترۆڵ دەكەن، ئەگەریش لەشەڕكردن بەردەوام بن، ئەوا حەوت رۆژیان پێویستە تا بتوانن چەكدارەكان ڕابماڵن و ناحیەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە.
Top