بارزانی و شاندی دانوستاندنكاری یەكگرتوو كۆدەبنەوە
محەممەد رەئوف، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە.
كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ یەكگرتوو، لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەیە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشووتر لەگەڵ گۆڕان، یەكێتی و پارتی ئەنجامیدا بۆ گفتوگۆكردنی پێكهێنانی حكومەت.
محەممەد رەئوف گوتی "بارزانی دەیەوێت بزانێت بۆچوونی لایەنەكان تاوەكو چەند لەیەكەوە نزیكە بۆئەوەی ئەویش قسەی خۆی بكات".
پێشتریش بۆ هەمان مەبەستی پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی، بارزانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوانەدا جەخت لە بەپەلە پێكهێنانی حكومەت كرایەوەو پارتیش رایگەیاندووە، كە كلیلی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكانیان دۆزیوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە "گرنگ" وەسفكرد و گوتی "ئێمە دەزانین نێچیرڤان بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، فریای هەموو كێشەكان ناكەوێت و سەرقاڵە بە كێشەكانی هەولێر و بەغدا، بۆیە ئەم كۆبوونەوانەی بارزانی هاوكارێكی باش دەبێت بۆ خێرا بەڕێوەچوونی پرۆسەكە".
رووداو
