سوپای عێراق دوو لیوای دیكە ڕەوانەی سلێمان بەگ دەكات
بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەلا كەریم شوكر بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش ئەوەی شەوی رابردوو ناحیەی سلێمان بەگ بە تەواوی كەوتە ژێر دەسەڵاتی چەكدارەكانی داعشەوە، بەیانی ئەمرۆ دوو لیوای دیكەی هێزەكانی سوپای عێراق و فیرقەی زەهەبی ڕەوانەی ناوچەكە كراون و لە ئێستادا هێزێكی زۆر كۆبوونەتەوەو كۆپتەریش بە سەر ئاسمانی ناحیەكەوە بە بەردەوامی دەسورێتەوە.
مەلا كەریم ئاماژەشیدا، تاوەكو ئێستا هێزەكانی سوپای عێراق و و پۆلیسی فیدراڵی هیچ هەنگاوێكیان نەناوە و پێدەچێت سەرقاڵی دارشتنی پیلانێك بن بۆ هێرشكردنە سەر ناحیەكە و دەركردنی چەكدارەكانی داعش.
وتیشی، هێزە چەكدارەكان لە شەوانە بەهێزتر دەبن، بۆیە ئەگەر هێزە ئەمنییە عێراقییەكان هێرش نەكەن، ئەوا بۆ ئێوارە و شەویش ناتوانن بچنە ناو ناحییەكەوە، چونكە لە شەرەكانی رۆژانی رابردوودا، شەوانە چەكدارەكان ناحیەكەیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە پاشەكشەیان بە هێزەكان كردووە.
ماوەی چەند رۆژێكە شەڕو پێكدادان لە نێوان چەكدارانی داعش و هێزەكانی سوپای عێراق لە سنووری شارەدێی سلێمان بەگ دەستی پێكردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك زۆر لە چەكدارەكان و هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتی سڤیل كوژراون و برینداربوون و خێزانێكی زۆری ناوچەكەش ئاوارەبوون و چەندین خێزانی دیكەش گیریان خواردووە.
