ئێستا لە هاوكێشەی نێودەوڵەتی سوریادا رووسیا باڵادەستە و ئەمریكا تەسلیمی گوشارەكانی بووە
من چەندین جار ئەمەم دووپات كردووەتەوە، تەنانەت چەندەها مانگ پێش سازدانی جنێڤ 1و هەروەها جنێڤ 2ش، وتومە كە ئەگەری دۆزینەوەی چارەسەرێك لە ڕێی ئەم كۆنفرانسانەوە لە ڕووی پراكتیكییەوە سفرە و بوونی نییە. هۆكارەكەش دوولایەنی هەیە: یەكەمیان ئەوەیە ژمارەیەكی زۆری گروپ و یاریزان و وڵاتان- لەم شەڕەوە- تێوەگلاون كە ئەجێندای سیاسی جیاوازیان هەیە. چوار گروپی گەورەی یاخیبوونت هەیە كە شەڕ لەگەڵ یەكتردا دەكەن، ڕژێمی سوریات هەیە، ئێران و سعودیە هەن كە ناكۆكن لەگەڵ یەكدا لە ئاست ئەم كێشەیەدا، هەروەها رووسیا هەیە و كۆمەڵگەی ڕۆژئاواییش هەیە، كەواتە ناكرێت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە كە هەموو ئەو لایەنانە ڕازی بكات، خاڵی دووەم ئەوەیە كە من باوەڕم وانییە چارەسەرێكی سیاسی بێتەئاراوە تاوەكو ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ناكرێت ئەو ببێتە بەشێك لە چارەسەر. كەواتە تاوەكو ئەم پرسانە چارەسەر نەكرێن و تاوەكو ڕێساكانی سەر ئەرزی واقیع نەگۆڕێن ئەوا پێموانییە هیچ بەرەوپێشچوونێك بەدی بێت لە جنێڤ 2 یان جێنڤ 3 و جنێڤ4دا.
هەروەها پرۆفیسۆر ئاڵۆن گوتی: من پێموانییە هیچ یەكێك لەو هێزە گەورانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕاستی نیگەران بن لەئاست ئەوەی بەسەر خەڵكی سوریادا دێت، هەموو ئەو یاریزانانە پتر بایەخ بە بەرژەوەندیەكانیان دەدەن لە ناوچەكەدا نەك بە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكە. تۆ نابێت چاوەڕێی چارەسەرێك بكەیت لەلایەن ئێران یان روسیاوە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی تایبەتیان هەیە لە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا،یان-بەرژەوەندییان هەیە- لەوەی دڵنیابوون كە دەتوانن كاریگەربن بەسەر ڕەوتی ڕووداوەكانەوە لە سوریادا- بە بێ ئەسەد-. ئەمە كێشەیەكی گەورەیە.ئەمەریكا و سەرۆك ئۆباما نایانەوێت لە دەستێوەردانێكی سەربازییەوە تێوەبگلێن بۆ گۆڕینی ڕێساكە لەسەر ئەرزی واقیع. پێموایە لە دوا شیكردنەوەدا ئەمە تاكە شتێكە كە سەركەوتوو دەبێت. مەبەستم ئەوەیە دەبێت حساباتی ئەسەد بگۆڕین، پێویستە ئەسەد بگاتە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەو شەڕەكە دەدۆڕێنێت، تاكە ڕێگاش بۆ ئەوەی بگاتە ئەم دەرئەنجامە ئەوەیە ئەو چەكانە بدەینە یاخیبووان كە پێویستیانە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی جیددی رووبەڕووی ئەسەد بنەوە، تەنها ئەو كاتەی كە ئەسەد لاوازتربێت و یاخیبووان بەهێزتربن، دەتوانن دابنیشن و گفتوگۆ لەبارەی حكومەتی ئینتیقالی بكەن. كەواتە پێش ئەوەی ئەمە ڕووبدات هیچ شتێك ناگۆڕێت. لەبەر ئەوە تەواوی بەرپرسیارێتیەكە دەكەوێتە سەر شانی ئەمەریكا.
شاياني باسه بن مايەر هەروەها گوتی: حاڵی حازر ئەم كاریگەریەی هەبووە. دەبینیت كە سعودیە و ئێران شەڕێكی بە وەكالەت دەكەن لە سوریادا، سوریا بۆتە گۆڕەپانی شەڕی بە وەكالەتی ئیقلیمی لە نێوان شیعە و سوننە لەلایەك ولە نێوان گروپە ڕادیكاڵەكان و گروپە میانرەوترەكان وەك سوپای سوری ئازاد و گروپە بچووكەكانی دیكە. لە ئێستادا ئێمە كاریگەرییە ئیقلیمەكانی دەبینین، كە لە هەموو شوێنێكەوە هەستی پێدەكرێت. ئەوەی هەیە دوو كامپە، یەكەمیان كامپی سوننەیە بە سەركردایەتی سعودیە و وڵاتانی كەنداو، دووەمیان كامپی شیعەیە بەسەركردایەتی ئێران و پاشكۆكەكانی لە عێراق و لە سوریا- لە ڕێی عەلەویەكان- و بە دڵنیاییەوە لە ڕێی حزبوڵاوە لە لوبنان. بە بۆچونی من ئەمە سەرەتای ناكۆكیەكی خوێناوی بەردەوامە كە بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام دەبێت، تاوەكو ناكۆكیەكە زۆر بە خێرایی لە سوریادا كۆتایی پێنەهێنرێت. ئەمەش ڕوونادات تاوەكو چاویان لە چارەسەرێكی سیاسی نەبێت، ئەمەش لە سایەی هەلومەرجی ئێستادا ڕوونادات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارەی(965)
