بەجینۆساید ناساندنی كوشتوبڕی كوردان قەمتەرەیەكی گەورەیە
دەبێ ئەوەش بهێنینەوە یاد كە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام و دامەزرانی دادگەی باڵای تاوان لە عێراق و ساغكردنەوەی كێسەكانی (هەلەبجە، ئەنفالەكان، بارزانییەكان، فەیلییەكان، راگواستن و پاكتاوی نەژادی لە كەركووك...) و دەرچوونی بڕیارەكانی دادگە، بەشێكی ئەو كاروكردانە بە جینۆساید ناسێنراون و بەشێكی تریشیان بە تاوانەكانی دەرهەق بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی شەڕ.. ئەوەش بۆ خۆی بووە پێشینەیەك و دەكرێ لە زۆر ئاستدا: سیاسی و قانوونی، ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كورد و دامەزراوە رەسمی و نارەسمییەكانی كاری زێتری لەسەر بكەن.
هەروەها ئاسۆ كەریم گوتی: لەم قزگەیەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار مسعود بارزانی لە دوا سەردانی خۆی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا (21/1/2014) داوای لە پەرلەمانی ئەوروپا (EP) و یەكێتیی ئەوروپا (EU) كرد كە هەم جینۆسایدی كورد بە رەسمی بناسن و هەم نوێنەرایەتی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە. بەهەرحاڵ، ئێستە بەدەسپێشخەریی چەند ئەندامێكی پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەك ئامادە كراوە كە داوا لە یەكێتیی ئەوروپا دەكەن دان بە جینۆسایدی كورد دا بنرێ و قەولە ئەو نامەیە بۆ سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا (EP) و سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپی (EC) و نوێنەری باڵای (Union for Foreign Affairs & Security Policy) و سەرۆكی ئەنجوومەنی (EU) بنێردرێ. ئەو میتینگە بەڕێوەچوو، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشداری تێدا كرد.
شایانی باسە ئاسۆ كەریم گوتی: لە باری ئەخلاقی و سیاسییەوە، دەبێ هەوڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی دنیای شارستان و پێشكەوتوو بۆ ئەوە بێ كورد دوچاری جینۆسایدێكی دی نەبێتەوە و پشتەوانی لە مافەكانی كورد و لە هەر قەوارەیەك بكەن كە بوونی ئیتنیكیی كوردان بپارێزێ و پێوەندیی لەتەكدا دابمەزرێنن و بەردەوام بن لەسەر رۆڵی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەركردنی پرسگرێكی كورد لە توركیا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارەی (965)دا
