ده‌قی رێنمایی نوێی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بۆ مۆڵه‌تی خوێندن بڵاوده‌كاته‌وه
وێنه‌یه‌ك له فه‌رمانێكی وه‌زاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه له 29ی كانوونی دووه‌می 2014 به ژماره 131 به ئیمزای وه‌زیر، دكتۆر عه‌لی سه‌عید محه‌ممه‌د، ده‌رچووه.
له‌سه‌رتای نووسراوه‌كه‌دا هاتووه: "ئاماژه به بڕگه‌ی (1/ ته‌وه‌ری پێنجه‌م/ كاروباری كارگێڕی و دارایی) له كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی ژماره (10)ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت كه له (22/1/2014) ئه‌نجامدرابوو، بڕیاردرا كه میكانیزمی جێبه‌جێكردنی رێنمایی مۆڵه‌تی خوێندن ژماره (165/61) له رێكه‌وتی (1/1/2014)ه‌وه به‌م شێوه‌ی لای خواره‌وه بێت.
وه‌ك روونكراوه‌ته‌وه، رێنمایی یه‌كه‌م، بریتییه له مه‌رجه‌كانی رێنمایی (165/11) :" رێنمایی ژماره (165/11)ی تایبه‌ت به پێدانی مۆڵه‌تی خوێندن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه په‌سه‌ندكراوه و پاڵپشته به یاسای راژه‌ی شارستانی هه‌مواركراوی ژماره (14)ی ساڵی 2009 له چوارچێوه‌ی ئه‌م رێنماییهدا مه‌رجه‌كانی پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ مۆڵه‌تی خوێندن بریتین له:
یه‌كه‌م، پێشكه‌شكار ده‌بێت دوو ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت له پاش دوایین بڕوانامه.
دووه‌م، بۆ خوێندنی ماسته‌ر ده‌بێت پێشكه‌شكار كۆنمره‌ی به‌كالۆریوسی له (65%) كه‌متر نه‌بێت بۆ خوێندنی دكتۆرا و كۆنمره‌ی ماسته‌ری له (70%) كه‌متر نه‌بێت.
سێیه‌م، ده‌بێت پێشكه‌شكار بۆ خوێندنی ماسته‌ر ته‌مه‌نی له (45 ساڵ) زیاتر نه‌بێت و بۆ دكتۆراش ته‌مه‌نی له (50ساڵ) زیاتر نه‌بێت.
چواره‌م، ده‌بێت بواری پسپۆری پێشكه‌شكار له پلانی په‌سندكراوی ئه‌و ساڵه‌ی زانكۆ/ فه‌رمانگه‌دا ئاماژه‌ی پێكرابێت.
پێنجه‌م، ده‌بێت پلانی په‌سندكراو رابگه‌یه‌نرێت و پاڵاوتن له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبڕكێی زانستی بێت دوای بانگه‌واز بۆكردن.
رێنمایی دووه‌می فه‌رمانه وه‌زارییه‌كه بریتییه له‌وه‌ی، ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی كه مۆڵه‌تی خوێندنیان پێده‌درێت.
له فه‌رمانه‌كه‌دا، ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو كه:" ئه‌و پێشكه‌شكاره‌ی كه ته‌واوی مه‌رجه‌كانی رێنمایی (165/11)یان تێدایه و پسپۆرییه‌كانیان له پلانی په‌سه‌ندكراوی زانكۆ/ فه‌رمانگه ئاماژه‌ی پێكراوه و له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبڕكێ دهپاڵیۆرێن مۆڵه‌تی خوێندنیان پێده‌به‌خشرێت به مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ده‌رماڵه جێگیره‌كان له‌گه‌ڵ ته‌واوی مافه داراییه‌كانی رێنمایی (165/11).
له رێنمایی سێیمهدا، هاتووه : ئه‌و مافه داراییانه‌ی كه به‌پێی رێنمایی (165/11)ده‌به‌خشرێته ئه‌و كاندیدانه‌ی كه مۆڵه‌تی خوێندن وه‌رده‌گرن بریتین له:
یه‌كه‌م، جیاوازی نێوان مووچه‌ی شایسته‌ی كاندید له ناوه‌وه‌ی وڵات له‌گه‌ڵ ده‌رماڵه‌ی دیاریكراو بۆ قوتابیان/ خوێندكارانی نێردراو له‌و وڵاته‌ی تێیدا ده‌خوێنن.
أ/ ده‌رماڵه‌ی دیاریكراو بۆ قوتابیان، خوێندكارانی نێردراو به پێی به‌رنامه‌ی تواناسازی به‌راورد ده‌كرێت، واته به‌پێی رێنمایی دارایی به‌رنامه‌ی تواناسازی بۆ وڵاتانی گرووپی (A) بریتییه له هه‌زار و 800 دۆلار مانگانه و گرووپی (B) بریتییه له یه‌ك هه‌زار دۆلار مانگانه.
ب/ كریَی پلیتی سه‌فه‌ر (فڕۆكه) ساڵی یه‌ك جار.
ج/ خه‌رجییه‌كانی تێچووی چاپی تێزی ماسته‌ر یان دكتۆرا.
د/ كرێی خوێندن تا بڕی چوار ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زاردینار.
رێنمایی چواره‌می فه‌رمانه‌كه، بریتییه له‌وه‌ی ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی كه یه‌كێك یان زیاتر له مه‌رجه‌كانی رێنمایی ژماره (165/11)یان نه‌بێت (ته‌مه‌ن، كۆنمره‌ی ساڵانی، خزمه‌ت و نه‌بوونی پسپۆری له پلانی زانكۆ یان فه‌رمانگه، به‌شدارینه‌كردن له پێشبڕكێ) ته‌نها مۆڵه‌تی بێ مووچه‌یان پێده‌به‌خشرێت.
له رێنمایی پێنجه‌مدا، باس له رێكخستنی میكانیزمی جێبه‌جێكردنی رێنمایی (165/11) كراوه به‌م شێوه‌یه:
یه‌كه‌م، سه‌رجه‌م زانكۆكان تا رێكه‌وتی (15ی شوباتی 2014) پلانی مۆڵه‌تی خوێندنی بۆ ساڵی خوێننی 2013_2014 نوێ بكه‌نه‌وه و پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی بكه‌ن.
دووه‌م، له (15ی كانوونی دووه‌می 2014)ه‌وه تا (1ی شوباتی 2014) پلانه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ته‌وه په‌سه‌ند بكرێت.
سێیه‌م، پلانی په‌سندكراوی مۆڵه‌تی خوێندنی بۆ ساڵی خوێندنی 2013_2014 له‌لایه‌ن زانكۆ و وه‌زاره‌ته‌وه رابگه‌یه‌نرێت و ده‌رگای پێشكه‌شكردنی داواكاری بكرێته‌وه له (1ی ئازاری 2014)ه‌وه تا (31ی ئازاری 2014) به‌رده‌وام ده‌بێت.
چواره‌م، له ماوه‌ی نێوان (31ی ئازاری 2014 تـــا 10ی نیسانی 2014) پرۆسه‌ی پێشبڕكێ و بڕیار له‌سه‌ر كاندیده‌كان ئه‌نجام ده‌درێت.
پێنجه‌م، به گشتی تارێكهوتی (15ی نیسانی 2014) كاندیده براوه‌كان بڕیاری كۆتاییان له‌سه‌ر درابێت و وردبینی له سكاڵاكان كرابێت.
رێنمایی شه‌شه‌م، بریتییه له رێكخستنی پێشبڕكێی نێوان پێشكهشكاراندا، سیستمی خاڵبه‌ندی په‌یڕه‌و ده‌كرێت ئه‌و سیستمه‌ش به‌هاوئاهه‌نگیی نێوان لیژنه‌ی مۆڵه‌تی خوێندن له دیوانی وه‌زاره‌تی و لیژنه‌ی باڵای خوێندنی باڵاوه رێك بخرێت و پێوه‌ره‌كانیش بریتین له: كۆنمره‌ی به‌كالۆریۆس بۆ خوێندنی ماسته‌ر، كۆنمره‌ی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر بۆ خوێندنی دكتۆرا، ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی، به‌ده‌ستهێنانی ئۆڤه‌ری ئه‌كادیمی (لیستی وڵاتانی تواناسازی په‌یڕه‌و بكرێت) ، ته‌مه‌ن له‌گه‌ڵ ساڵانی خزمه‌ت.
رێنمایی حه‌وته‌می فه‌رمانه وه‌زارییه‌كه بریتییه له تێبینی گشتی، وه‌ك:
یه‌كه‌م، له رێكه‌وتی ده‌رچوونی ئه‌م فه‌رمانه‌وه چیتر زانكۆكان نابێت داواكاری مۆڵه‌تی خوێندن بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز بكه‌نه‌وه.
دووه‌م، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه داوای مۆڵه‌تی خوێندن ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای (ماده‌ی 4 بڕگه‌ی هه‌شته‌م) له رێنمایی ژماره 165ی ساڵی 2011 "ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره مۆڵه‌ت به بێ به‌ستنه‌وه به مه‌رجی كۆنمره بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ بدات، ئه‌گه‌ر خزمه‌تی په‌سندكراو هه‌بوو" ئه‌و كاندیدانه‌ی ئه‌و مهرجهیانتێدایه رێگه‌یان پێده‌درێت كه بێنه پێشبڕكێ، ئه‌گه‌ر له پێشبڕكێ سه‌ركه‌وتووبن، ئه‌وا له‌لایه‌ن زانكۆوه به‌رز ده‌كرێته‌وه بۆ جه‌نابی وه‌زیر به‌مه‌به‌ستی به‌خشینیان له مه‌رجی كۆنمره.
سێیه‌م، مۆڵه‌تی بێمووچه له ده‌سه‌ڵاتی زانكۆیه، بۆیه ئه‌و كه‌یسانه‌ی شایسته‌ی مۆڵه‌تی بێمووچهن پێویست ناكات به‌رز بكرێنه‌وه بۆ وه‌زاره‌ت.
چواره‌م، پێویسته له كاتی داڕشتنی فه‌رمانی مۆڵه‌تی بێمووچهدا ئاماژه به (مه‌به‌ستی خوێندن) نه‌درێت.
پێنجه‌م، خه‌رجییه‌كانی مۆڵه‌تی خوێندن له ئه‌ستۆی زانكۆ ده‌بێت.
شه‌شه‌م، ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه مۆڵه‌تی بێمووچه وه‌رده‌گرن له دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كانیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام زانكۆكان سه‌رپشكن كه كاریان پێ بسپێرن یان گواستنه‌وه‌ی راژه‌یان بۆ ئه‌نجام بده‌ن به پێی پێویستی دام‌و ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا.
خه‌ندان
