گولتەن قشاناق: پێویستە یاسای تیرۆر و دادگای خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی بە پەلە هەڵبوەشێنرێنەوە

 گولتەن قشاناق: پێویستە یاسای تیرۆر و دادگای خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی بە پەلە هەڵبوەشێنرێنەوە
هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی دیموكراسی گولتەن قشاناق لە دیاربەكر رایگەیاند بۆ دیموكراتیزە كردنی توركیا پێویستە بە پەلە دادگاكانی خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی و یاسای دژە تیرۆر لە توركیا هەڵبوەشێنرێنەتەوە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یۆكسەكئۆڤا بڵاویكردەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە گولتەن قشاناق بە مەبەستی بەشداریكردن لە دانیشتنی دادگای سزای گرانی دیاربەكر بە بارەی دۆزی كەجەكەوە، سەردانی دیاربەكری كرد و دوای كۆتایی هاتنی دانیشتنی دادگا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە رۆژنامەنووسانی گوتی: پێویستە حكومەتی توركیا بە پەلە هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگاكانی خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی و یاسای دژە تیرۆر بدات، چونكە ئەو دادگایانە بەردەوامی دادگاكانی ئیستیقلالن و لە هیچ یاسایەكی دیموكراتیكدا جێگای ئەو جۆرە دادگایانە نابێتەوە.

قشاناق هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە ساڵانێكە بە بڕیاری ئەو دادگایانە رێگری لە سیاسەتی دیموكراتیك دەگیردرێت.

لە لایەكی دیكەوە سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش سەردانی بۆ ئیتالیا رایگەیاند كە دەستیان بە ئامادەكاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگاكانی خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی و یاسای دژە تیرۆر كردووە.
Top