کۆبوونەوەکەی پارتی و کۆمەڵ دواخرا

کۆبوونەوەکەی پارتی و کۆمەڵ دواخرا
بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتیی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کۆ ببنەوە، بەڵام وەک بەرپرسێکی کۆمەڵ دەڵێ بەهۆی سەرقاڵیی نێچیرڤان بارزانییەوە کۆبوونەوەکە دواخراوە.

ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، مەلا مەروان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی پارتی دواخرا بۆ دوانیوەڕۆی سبەی".

ئەو کاری دواخستنی کۆبوونەوەکەشی بۆ سەرقاڵیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی گەڕاندەوە.

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دانوستاندنکاری‌ کۆمەڵی ئیسلامی بۆ پێکهێنانی‌ کابینەی نوێ، رایگەیاندە‌ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بە روونی‌ داواکارییەکانی‌ خۆی‌ بۆ پێکهێنانی‌ کابینەی‌ هەشتەم دەداتە لیژنەکەی‌ پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان. داواشدەکات پەلە بکرێت لە پێکهێنانی‌ حکومەت.

مەجید ئاماژەی‌ بۆ ئەوەش کرد، کە پێویستە لایەنەکان تاوەکو ئەندازەی‌ سازشکردن لە داواکارییەکانیان هەوڵی‌ ئەوەبدەن کە چیدیکە پێکهێنانی‌ حکومەت دوانەکەوێت.

گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رۆژی 26ی ئەم مانگە بە کۆبو‌ونەوەی پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد‌و دواتریش شاندی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەکگرتووی ئیسلامیش کۆبوونەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان جگە لە گۆڕینەوەی بیروڕاو خستنەڕووی پێشنیاز لەسەر پێکهێنانی کابینەی هەشتەم رێکنەکەوتوون.
Top