بان کی مون: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بنەما نێودەوڵەتییەکان بووە

 بان کی مون: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بنەما نێودەوڵەتییەکان بووە
ئەمڕۆ بان کی مون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتە هەولێر و لە پرێس کۆنفڕانسێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی رەوشی خێزانە ئاوارەکان خستەڕوو و گوتی: "بارێکی زۆر نیگەرانکەرە و دڵتەنگم بەو دیمەنەی لە خێزانەکانی نێو کامپەکە بینیم و ئەو خێزانانە لە ئایندەی خۆیان دڵنیا نین".

بان کی مون لە میانی کۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کورستانی کرد لەبەرامبەر نواندنی "دڵنەرمی و دەستواڵایی" بەرامبەر پەنابەران. هاوکات سوپاسی ئەوەیشی کرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کاپی دروستکردووە و پابەندبووە بە مەرجە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدەنگەوە هاتنی پەنابەران.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرنگییەوە باسی لەوە کرد: "کە ئەم پەنابەرانە بەهەر بیانووێکەوە هاتبن، نیشانەی ئەوەیە کە لە نەهامەتی هەڵاتوون و پێویستیان بە ئاسایش، دادپەروەری و کەرامەت هەیە.".

بان کی مون ئەوەشی ئاشکرا کرد: "لێرەوە کۆنفڕانسێک بۆ هاوکاری مرۆیی رادەگەیەنم و ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی هاوکاری مرۆیی بۆ پەنابەران لە رووی خوێندن، تەندروستی، دابینکردنی خێوەت، ئاو و هەرچ شتێک، کە پێویستیان بێت".

هاوکات هیوای ئەوەی خواست کۆنگرەی جنێف 2 ببێتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان و گوتی: "تاوەکو ئەو کاتەش بە هاوکاری هەموو لایەک، ئەم هەڵمەتە بەڕێوەدەبەین بۆ گەڕاندەوەی پەنابەران بۆ وڵاتی خۆیان".

هەروەها گوتی: "من و لەخزەر ئیبراهیمی، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر هاوکاری رێکخراوەکان دەکەین بۆ پێکهێنانی ئاشتی و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی پەنابەران بکات تاوەکو دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان".









رووداو
Top