هێڵی گەرمی كرێكاران ڕاگەیەندرا

هێڵی گەرمی كرێكاران ڕاگەیەندرا
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم ژمارە 5500ی ڕاگەیاند بۆ هۆشیاركردنەوەی كرێكاران.

ئاسۆس نەجیب وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم گوتی: ئێمە بۆ خزمەتكردنی كرێكاران دوای ئەوەی یاسای كار پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستانكراوە، هەروەها پێشكەش كردنی دوو سیستەمی دیكە وەك هەلی كارو بیمەی بێكاری بۆ كرێكارانی بیناسازی وەك كرێكارانی دیكە و هەمان ماف و ئیمتیازیان هەبێت.



هەروەها گوتی: ئەمڕۆ هێڵی گەرمی 5500وە دەخەینە كار كە لە كاتژمێر 9ی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ گوێ لە كرێكاران دەگرێت، كە ئامانجی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەرزكردنەوەی سكاڵا لەسەر خاوەن كارەكان و هەروەها ئاگادارییە بۆ نەبوونی كەرەستەی سەلامەتی كرێكاران.



هەروەها گوتی: ئێمە لە ساڵی ڕابردووەوە هەڵمەتی هۆشیاریمان ئەنجامداوەو بۆ ئەم هێڵەش فەرمانبەری تایبەت لەپشتی هێڵەكانەوە هەیە، هەر جۆرە كێشەیەك هەیە فەرمانبەری هێل پەیوەندی دەكات بە شوێنی كێشەكەو شێوازی چارەسەری ڕووندەكاتەوەو دوای چارەسەركردنی كێشەكەشی كرێكار ئاگادار دەكرێتەوە.



وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی گوتیشی: سەركەوتنی ئەم هێڵە پەیوەستە بە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەكانەوە بۆئەوەی بە كرێكارانی بناسێنن.

ئێمە لە ساڵی 2012وە داوامان لە دەستەی گەیاندنی عیراقی كردووە بۆ پێدانی ژمارەی ئاسان بۆ كرێكاران، هەروەها بەسوپاسەوە كۆمپانیاكانی ئاسیاسێل و كۆڕەك تلیكۆمیش ئەو ئەركەیان گرتە ئەستۆی خۆیان.



لەبارەی ژمارەی سكاڵاكان و ژمارەی كرێكاران لە كوردستان وەزیری كار گوتی: لەلای ئێمە ژمارەی جیاوازی كرێكارە قوربانییەكان هەیە،وە لە بەرامبەریشدا لە ساڵی 2013دا 150 خاوەن كار و كۆمپانیا دراونەتە دادگا.

بەپێی وتەی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم ئەو هێڵە بۆ هەموو كرێكارانی كوردستانە بەو كرێكارانەشەوە كە عەرەبن یان هەر كرێكارێكی دیكە كە لە كوردستان كاردەكەن.
Top