دۆسییەكانی پشدەرو سەید سادقیش وەك جینۆساید ئەژماركران
لەوبارەیەوە ئارام ئەحمەد وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان گوتی: دوای بەدواداچوونی بەردەوام و هاوكاری پارێزەران و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ، كێشەكانی سەید سادق و پشدەر یەكلایی بۆتەوە كە تاوانەكانی جەنگی و دژە مرۆڤایەتی تێدا ئەنجامدراوە.
وەزیری شەهیدانی هەرێم گوتی: بەپێی لێكدانەوەكان تەختكردنی سەید سادق لە ساڵی 1988 و ناوچەی پشدەر لە ساڵی 1989 بە تاوانی جینۆساید بووە، بریاری تاوانبارانی ڕژێم بووە بۆیە پێناسەی تۆمەتی جینۆسایدی تێدایە، كە تێكدان و پاكتاوی نەژادی و كوشت و بڕ و ئەنفالە، بۆیە لەسەر هەمان ئەو بنچینەیە هەمان بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال دەیانگرێتەوەو تاوانبارانیش هەمان ئەو بریارە دەیانگرێتەوەو بەڵگەی پێویستیش لەبەردەستدایەو بریاری لەسەر دراوەو زیانلێكەوتووانیش دەتوانن داوای قەرەبووكردنەوە بكەن، هەروەها هەموو پرۆژەیەكی دیكەش كە مافی قوربانیان دەیانگرێتەوە، ئەو هاوڵاتیانەی دەڤەرەكانی سەید سادق و پشدەر دەیانگرێتەوە.
لە دەقی وتەكانیدا وەزیری شەهیدان سوپاسی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بەتایبەتی پشتیوانی سیاسی بۆ ئەو كەیسانە گرنگی تایبەتی هەبووە، بۆ ناساندنی كەیسەكانی دیكەی جینۆسایدكردن و قوربانیانی كوردستان.
دواتر بەیاننامەی لێژنەی بەدواداچوونی كەیسەكانی گەلی كورد لە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق خوێندرایەوە، كە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دراوە كە لە دوو ساڵی ڕابردوو هەوڵدراوە دادگای باڵای تاوانەكان دابخرێن، بەڵام حكومەتی ناوەندی هەوڵیداوە ئەو كەیسانەی ماون لە دادگاكە پەراوێز بخرێن، لەكاتێكدا كە تەنها كەیسەكانی كورد لەو دادگایە 14 كەیسن و هیچیان یەكلایی نەكراونەتەوە، تەنها ئەوەندە نەبێت دوای هەوڵی بەردەوامی لێژنەی یاسایی و بەدواداچوونی كەیسەكان و پارێزەران، توانرا دوو كەیسی دیكەی تاوانی ڕژێمی بەعس دژ بە گەلی كورد یەكلایی بكرێتەوە ئەوانیش دۆسیەی تاوان دژ بە ناوچەی پشدەرو سەید سادق. كە ئەوانیش تێكەڵ بە دۆسییەكانی دیكەی ئەنفال بكرێن كە هەمووی بەسەریەكەوە بە جینۆساید ناسێنرا.
