هاووڵاتیانی پشدەر چاوەڕێی بڕیاری قەرەبوی كەیسی راگواستنیانن
هاووڵاتیانی سنوورەكە دەڵێن: لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردووسا تەواوی ناوەندی شارۆچكەی پشدەر و شارەدێ و گوندەكانی راگوێزران و وێرانكران و دوای راپەڕینی ساڵی 1991 دوبارە ئاوەدانمانكردنەوە و ئێستاش كە دادگای باڵای تاوانەكان ئەو كەیسەی بە رەسمی ناساندووە، داوا دەكەین كە لە كاری پێویستی قەرەبوكردنەوەی زەرەرو زیانەكانمان پەلە بكرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم، فوئاد عوسمان، بە پەیامنێری راگەیاند: بەپێی دەستووری عێراقی بڕیاری قەرەبوكردنەوەی تەواوی زەرەرو زیانە ماددی و گیانیەكانی دەستی رژێمی بەعس دراوە .
گوتیشی: ئێستاش كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كەیسی راگواستنی پشدەری بە رەسمی ناساندووە، كاری قەرەبوكردنەوە ئاسانترو بەیاسایی دەبێت.
باسی لەوەشكرد، تا ئێستا نوسراوی فەرمی بڕیارەكە بەدەستمان نەگەیشتووەو هەركە پێمانگەیشت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وردەكاریەكانی بڕیارەكەو ئەنجامەكانی باس دەكەین.
