هەڵەبجە لهبری كوێت دهبێته پارێزگای ژمارە 19ی عێراق
DW: بارزانی كاریگهریی گهورهی ههبوو له بهپارێزگاكردنی ههڵهبجه
سەدام حوسێن هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووه ئەو دێیەی فڕۆکەکانی عێراقی غازی خەردەڵ و ساردینیان بەسەردا باراند و تیایدا زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتی لە ماوەی چەند خولەکێکدا بوونه قوربانی، دەبێتە پارێزگای ژمارە 19ی عێراق کە پاش داگیرکردنی لەلایەن عێراقەوە ئهو نێوه بە کوێت درابوو.
دوای 25 ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە و کوژرانی زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتی، ئەمڕۆ هەڵەبجە لە تاریکی دەردەچێ و تیشکی رووناکی باڵ دەکێشێ بەسەر دۆڵ و کەش و کێوەکانیدا و دەبێتە پارێزگای ژمارە 19 لە عێراق.
ئهو پارێزگا نوێیه كه تهنها 80 کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گەڕانەوەی مافەکانی ئەو شارەی دەزانێ کە خەڵکەکەی بە غازی کوشندە لەناوبران و ئێسته بهبڕیاری كردنی بهپارێزگا بهشێ له زامهكانی ساڕێژ دهبێت.
بڕیار دراوه قەزاکانی سەید سادق و پێنجوێن و شارباژێڕ بکەونە سەر شاری هەڵەبجە، بەمەش ژمارەی دانیشتووانی دەبێتە زیاتر لە 400 هەزار کەس.
لەوانەیە هەندێ لایەن لەگەڵ بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا نەبن، ئهویش بەهۆی بچووکی شارەکە و کەمی دانیشتووانی، بەڵام کیفاح مهحمود نووسەر و راگەیاندنکار و راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ئەمڕۆی عێراق کە لە (DW)ی عەرەبی بڵاوکرایەوە، گوتی “کەس لە روانگەی جوگرافیا و چڕی دانیشتووانەوە ناڕوانێتە شاری هەڵەبجە، بەڵکو گشت لایەک دەڕواننە ناوبانگی ئەو شارە و ئەو رووداو و کارەساتانەی کە تووشی ئەو شارە هاتوون، لەو هەڵەبجەیهدا دهیان شاعیر و ئەدیب و زانا و نووسەر هەڵکەوتوون”.
جێی باسە کەسایەتیی مەسعود بارزانی بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرەو پێشبردنی مەسەلەی هەڵەبجە و بەپارێزگاکردنی، لەوانەشە لە داهاتوودا ئەو پارێزگایە ببێتە یەکێک لە پارێزگا بەناوبانگەکانی جیهان.
باسنیوز
