سێ تۆمەتبار بە كوشتنی كاوە گەرمیانی ئازادكران

 سێ تۆمەتبار بە كوشتنی كاوە گەرمیانی ئازادكران
دادگای كەلار بڕیاری دا بە ئازادكردنی سێ لەو چوار كەسەی بە تۆمەتی كوشتنی كاوە گەرمیانی رۆژنامەنووس دەستگیركرابوون.

سەرچاوەیەک، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، \"دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە سیان لەوانەی بە تۆمەتی كوشتنی كاوە گەرمیانی دەستگیركرابوون، ئازادكران\"".

گوتیشی \""تەنیا بكوژی سەرەكی لە زیندان ماوەتەوە، كە خۆیشی دانی بە تاوانەكەیدا ناوە\"".

كاوە گەرمیانی لە شەوی 5/6-12-2013 لە بەردەم ماڵەكەی لەلایەن چەند كەسێكەوە دەستڕێژی گوللەی لێكرا و دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ژمارە (11507) لە رۆژی 2013/12/8، كە واژۆی عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی لەسەربوو، فەرمانیدا بە پێكهێنانی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون لە كەیسی كوشتنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی‌و تاوەكو ئێستاش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

كەسوكاری كاوە گەرمیانی سكاڵایان لەسەر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماركردووە‌و لەلایەن دادگاشەوە بڕیاری دەستگیركردنی دەرچووە، بەڵام ناوبراو هێشتا ئامادەنییە بچێتە بەردەم دادگا، بە بیانووی ئەوەی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگادارنەكراوەتەوە بە فەرمی لەو بڕیارە.













رووداو "
Top