قامیشلۆ.. بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلێک دەتەقیتەوە

 قامیشلۆ.. بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلێک دەتەقیتەوە
بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلی هاونیشتیمانییەک لە گەڕەکی قودووربەگی شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا کەسێک برینداربوو.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە قامیشلۆ رایگەیاند، تەقینەوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 10 لە گەڕەکی قودووربەگ لە بەرامبەر بەنزینخانەی بەدرۆ روویداوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تەقینەوەکە، کە بە هۆی بۆمبێکی لکێنراوبووە، ئۆتۆمبێلی خالد تەمۆ، ئەندامی ماڵی گەلی سەر بە پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD کردبووە ئامانج و ناوبراو برینداربوو.

دواتر خالد تەمۆ گەیەنراوەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەری پێویست، کە بە سووکی برینداربووە.

پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی، ئاسایشی سەر بە PYD دەورووبەری شوێنی رووداوەکەی گرتووە و رێ بە راگەیاندنکاران نادات نزیکببنەوە.

ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدایە، کە دوێنێ هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG، شارۆچکەی تل بڕاک و 8 گوندی دەورووبەری شارۆچکەی تل حەمسیان لە باشووری قامیشلۆ لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەرهێنا، هەروەک راگەیاندنەکانی نزیک لە PYD رایانگەیاند.

قامیشلۆ، کە گەورەترین شاری رۆژئاوای کوردستانە، لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رژێمی سووریادایە، بەڵام هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و ئاسایشی PYD لە تەواوی ناوچەکان بوونیان هەیە.








رووداو
Top