تەوەری کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو لیژنەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی

تەوەری کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو لیژنەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی
لە درێژەی کۆبوونەوە ھاوبەشەکانیان، ھەردوو لیژنەی تایبەت، ئەمڕۆ لە ھەولێر کۆبوونەوە و سەبارەت بەم تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆکرا:



یەکەم: پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی کە لەم بارەوە ھاوێژراون لە نێوان ھەردوولا و لایەنەکانی دیکەش، کۆبوونەوە جەختی لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی و پێکەوەکارکردنی ھەموو لایەنەکان بۆ گەیاندنی کۆمەڵگای کوردستانی بە قۆناغێکی پێشکەوتووتر کردەوە، کە لەسایەیدا ژیانی خەڵکی کوردستان بەرەو ئاستێکی باشتربچێت، ھەروەھا ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم خێراتر و چڕتڕبکرێنەوە.



دووەم: ھەردوولا تەئکیدیان لەسەر دروستکردنی ھاوئاھەنگی بۆ زەمینەسازی کەش و ھەوایەکی ئارام، کردەوە، کە لەسایەیدا کابینەی داھاتوو بتوانێت تەواوی پڕۆژە و بەرنامەکانی کە بریتی دەبن لە دابینکردنی پێداویستەکانی ژیانێکی سەردەمیانە و شایستە بە تەواوی خەڵکی کوردستان، جێبەجێ بکات.



سێیەم: ھەردوولا جەختیان لە رەچاوکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتمانی کردەوە، ھەروەھا ھەوڵ و کۆششەکان بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی حوکمی یاسا و پتەوکردنی بنچینەکانی یەکڕیزی نیشتمانی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا لەھەموو بوارەکاندا، بەردەوامدەبێت.



ھەروا له کۆبوونەوە بڕیاری درا لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەی داھاتوو ئەنجام بدرێت.



- لیژنەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

- لیژنەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

٢٤/١٢/٢٠١٣
Top