ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا ڕاگەیەنرا
كۆبوونەوەی ئەو ئەنجوومەنانە بۆ دیاریكردنی بەرنامەیەكی گشتگیری كوردییە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی جنێف دوو.
نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان حەمید دەربەندی گوتی: بەچاودێری سەرۆكی هەرێم و ئامادەبوونی خاتوو لەیلازانا و عوسمان بایدەمیر گفتوگۆكان دەستی پێكرا، بۆ چارەسەری كێشەی ئەنجوومەنە كوردییەكان، دوا كۆبوونەوە دوێنێ شەو سەعات 11 گەیشتنە ڕێككەوتن، كە ڕێكەوتنێكی 10 خاڵییە.
هەر لەوبارەیەوە عەبدولسەلام ئەحمەد هاوسەرۆكی گەل گوتی: ئێمە قۆناغێكی مێژوویی تێپەردەكەین، ئێمە هەموومان بەیەكەوە كاردەكەین، سوپاسی هەموو ماندووبووانی ئەو پرۆسەیە دەكەین، ئێمە هاتووین بۆ بەرژەوەندی گەلی كورد، ئێمە بەرژەوەندی گەلی خۆمان لەپێش هەموو شتێكەوە دادەنێین، ڕۆژئاوای كوردستان كە پارێزراوە ئێمە بەپێی دەستەی بڵندی كارەكانماندا بوونی هەیە، ئێمە ی كورد ئێستاكە لە رۆژئاوای كوردستان بە سەلامەتی و ئازادی لەسەر خاكی خۆمان دەبینین، برایانی ئەنجوومەنی كوردیش هاوكاری تەواوی ئێمە بوون.
هەروەها گوتیشی: ئێمە گفتوگۆمان لەسەر سێ خاڵی سەرەكی كردووە ئەوانیش كۆنگرەی جنێف دوو چونكە ئێمە بووینە ژمارەیەكی وەها بەرچاو كەس ناتوانێت هێرشمان بكاتە سەر. ئێمە دەمانەوێت لەچوارچێوەی پەیمانێكی نێودەوڵەتی مافی كورد بەدەست بهێنین، وە دەمانەوێت بەیەك وەفدێك بەشداری لەو كۆنگرەیەدا بكەین، دووەم شێوەی بەیەكەوە كاركردنی ئەنجوومەنی باڵای كوردییە، سێیەمیش دروستكردنی كۆمییتەیەكی 11 كەسییە.
ئێستاش ئێمە ڕێككەوتووین و چاوی گەل لە ئێمەیە، سەركەوتنی ئێمە سەركەوتنی كوردە، كەوتنی ئێمەش لە ڕۆژئاوا، مەترسی لەسەر برایانمان لە هەولێریش دەبێت.
لەلایەن خۆشییەوە تاهیر سفوك سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشیتیمانی كورد گوتی: دوای 7 رۆژ كۆبوونەوە و لە رۆژ ێكیش زیاتر لە 10 كاتژمێر كۆبوونەوە، رێككەوتنی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی لێكەوتەوە كە دەستكەوتێكی مێژویییەو سەركەوتنی گەلی كوردە، ئەم ڕێككەوتننامەیە پێویست بوو چونكە ڕۆژ بە ڕۆژ قۆناغی سەختتر دەست پێدەكات، و بە ڕۆژئاوای كوردستاندا گوزەر دەكات، ئێستاش گرفتی كوردستان گرفتێكی مێژویی نەتەوەییەو ئێمە وەك مافێك داوای دەكەین و ئازادی كوردستان داواكاریمانە.
هەروەها گوتیشی ئێمە ئەو ڕێككەوتنە بەشێوەی كرداری جێبەجێ دەكەین و پابەند بوونیش بە ڕێككەوتننامەی هەولێر دووپات كراوەتەوە، ئێمە دەمانەوێت وەفدێكی یەكگرتووی ڕۆژئاوای كوردستان بەشداری لە كۆنگرەی جنێف دوودا بكەن، هەروەها ئەگەر یەك وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بۆ جنێف بچێت ئەوا ئێمە دەبێت شوێنمان هەبێت.
لەبارەی دەستووریی سوریاشەوە سفۆك گوتی: ئێستاكە باس لە دەستووری سوریا دەكرێت، ئەو دەستوورە دروست نابێت بەبێ ڕەزامەندی كورد نابێت و دروستكردنەوەی سوریای تازەش بەبێ كورد بە ئەنجام ناگات.
